رووداو دیجیتاڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی فەرمی ناوی سووریای لە لیستی ئەو دەوڵەتانە سڕییەوە کە "پاڵپشتیکاری تیرۆرن". ئەم بڕیارە کۆتایی بە پۆلێنکردنێکی چەندین دەیەیی هێنا کە ببووە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم وەبەرهێنان و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو وڵاتە. هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاری پێشووی خۆی هەڵوەشاندەوە کە تێیدا بەرەی نوسرە کە ئێستا بە دەستەی تەحریری شام ناسراوە وەک رێکخراوێکی "تیرۆریستیی جیهانی ناساندبوو". ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و بەشێکی زۆری سەرکردەکانی ئێستای ئێران پێشتر سەرکردەی دەستەی تەحریری شام بوون. سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ یارمەتیدەر دەبێت بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر بۆ ناو سووریا بە مەبەستی بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری." وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دێن بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر سووریا. رۆژی 8ی تەممووزی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لابردنی سزاکان، بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی چالاک دەکات و "لاپەڕەیەکی نوێ بۆ گەلی سووریا دەکاتەوە" تاوەکو دەست بە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە بکەن. متمانەی ترەمپ بە ئەحمەد شەرع ئەم وەرچەرخانە مێژووییە دوای کۆبوونەوەکەی مانگی تەممووزی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ لە تورکیا دێت. ترەمپ لەو کۆبوونەوەیەدا ستایشی شەرعی کرد و بە کەسایەتییەکی "رێزلێگیراو" وەسفی کرد. ئەحمەد شەرع، کە پێشتر سەرکردایەتی بەرەی نوسرەی دەکرد، لە ساڵی 2016ەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاعیدە پچڕاند و لە کۆتایی 2024دا سەرکردایەتی ئەو هاوپەیمانییەتییەی کرد کە کۆتایی بە دەسەڵاتی نیو سەدەی خێزانی ئەسەد هێنا. وەبەرهێنانی ملیاریی وڵاتانی کەنداو بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ئەم بڕیارە رێگە خۆش دەکات بۆ وڵاتانی ناوچەکە تاوەکو بە ملیاران دۆلار لە سووریادا وەبەرهێنان بکەن. چەندین کۆمپانیای سعودی پلانیان هەیە پڕۆژەی گەورە لەو وڵاتەدا جێبەجێ بکەن، هەروەها وڵاتانی دیکەی کەنداویش بەڵێنی هاوکاریی داراییان داوە. سەرەڕای لابردنی گشتیی سزاکان و هەڵوەشاندنەوەی "یاسای قەیسەر"، واشنتن جەخت دەکاتەوە کە ئەمە بە واتای چاوپۆشیکردن لە تیرۆر نایەت. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند کە سزاکان لەسەر بەشار ئەسەد، هاوکارەکانی و ئەو کەسانەی دەستیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا هەبووە، بەردەوام دەبن و واشنتن پابەندە بە لێپرسینەوە لە "ئەکتەرە خراپەکان" لە ناوخۆی سووریادا.
جیهان24-08-2026نەتەوە یەکگرتووەکان میکانیزمێکی نوێ بۆ تێپەڕبوونی کاڵاکان لە تەنگەی هورمز پێشنیاز دەکات