رووداو دیجیتاڵ
سعودیە و فەرەنسا زنجیرەیەک رێککەوتنیان واژۆ کرد بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و فراوانکردنی هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و تایبەتی هەردوو وڵات.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعودیە (واس) بڵاویکردەوە، لەمیانی "کۆبوونەوەی مێزگردی وەبەرهێنانی سعودیە-فەرەنسا"دا، کە بە ئامادەبوونی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەڕێوەچوو، 21 رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەنێوان دامەزراوە گشتی و تایبەتەکانی هەردوو وڵاتدا واژۆ کران.
ماکرۆن لەم بارەیەوە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ بن سەلمان "زۆر شت"یان بەدەستهێناوە و بەرەو "ئاسۆی دوورتریش" دەڕۆن.
رێککەوتنەکان چەندین بواری جیاواز لەخۆدەگرن، لەنێویاندا؛ وزە، پیشەسازی، خزمەتگوزارییە داراییەکان، گواستنەوە و لۆجستی، ژیریی دەستکرد، کولتوور، تەندروستی و گەشتیاری.
کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە چەندین رێککەوتنی بە بەهای پێشبینیکراوی 3.7 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیا فەرەنسییەکان واژۆ کرد. بە گوتەی کۆمپانیاکە، ئەم رێککەوتنانە گرێبەستی کڕین و دابینکردنی ئامێری هەڵکەندن و بۆریی کێڵگە نەوتییەکان، هەروەها لێکتێگەیشتنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکردی پیشەسازی و تەکنەلۆجیاکانی دیکەی پەیوەست بە کەرتی وزە لەخۆدەگرن. ئارامکۆ ناوی کۆمپانیا فەرەنسییەکان و بەهای گرێبەستەکانی ئاشکرا نەکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، "کۆمپانیای وەبەرهێنانی قدیە" (Qiddiya) کە لەلایەن سندووقی وەبەرهێنانی گشتیی سعودیە (PIF)ـەوە پاڵپشتی دەکرێت، پلانێکی بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی گەشتیاریی فرەپارک بە بەهای 6 ملیار یۆرۆ (واتە نزیکەی 7 ملیار دۆلار) لە ناوچەی (ئیل-دو-فرانس) لە فەرەنسا راگەیاند، کە سێ ناوەندی سەرەکیی کاتبەسەربردن و هۆتێل لەخۆدەگرێت. هیچ وردەکارییەکی زیاتر لەسەر پڕۆژەکە نەدراوە.
هاوکات وەزارەتی دارایی سعودیە و دامەزراوەی (Bpifrance Assurance Export)ـی فەرەنسی، سندووقێکی قەرزی 5 ملیار دۆلاری دادەمەزرێنن بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی نێوان هەردوو وڵات.
وەزارەتی دارایی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە کە ئەم سندووقە پاڵپشتیی دارایی بۆ ئەو گرێبەستە هەنووکەیی و داهاتوویانە دابین دەکات کە کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە چوارچێوەی "دیدگای 2030"ـی سعودیەدا جێبەجێی دەکەن، بەتایبەتی لە بوارەکانی ژێرخان، گەشەپێدانی شارەکان، گواستنەوە و چاودێریی تەندروستی.
جێگەی ئاماژەیە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2025ـدا گەیشتە نزیکەی 11.7 ملیار دۆلار و تاوەکو ئێستا کۆمپانیا فەرەنسییەکان 651 مۆڵەتی وەبەرهێنانیان لە 18 کەرتی جیاوازی ناوخۆی سعودیە بەدەستهێناوە.


