رووداو دیجیتاڵ
لە نیویۆرک، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چارەسەرێکی بۆ ئەو قەیرانە
ئابوورییە جیهانییە خستەڕوو کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئێران و پەککەوتنی هاتووچۆ لە
تەنگەی هورمز دروستبووە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پلانێکی ئامادەکردووە بۆ چارەسەرکردنی
گرفتەکانی دەریاوانی لە ناوچەکە. ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە
یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند: "مانگی ئازار، تیمێکی کارم پێکهێنا بۆ
داڕشتن و پێشنیارکردنی میکانیزمی کردەیی، لەوانەش بۆ چارەسەرکردنی ئەو پێداویستییە
مرۆییانەی کە قەیرانی تەنگەی هورمز دروستی کردوون. پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ ئەم
هەوڵە هاندەر بووە، بەتایبەتی لەلایەن ئەو وڵاتە لاوازانەوە کە دەزانن کاتێک هێڵە
دەریاییە گرنگەکان پەکدەخرێن، چی لە مەترسیدایە."
گوتێرێز لە بەردەم میدیا جیهانییەکاندا روونی کردەوە کە پلانەکەیان سەرەتا رێگە
بە تێپەڕبوونی پەینی کیمیایی و کەرەستەی خاوی پەیوەندیدار دەدات بە تەنگەی هورمزدا
و دواتریش بۆ کاڵای دیکە فراوان دەکرێت. بەپێی پێشنیارەکە، نەتەوە یەکگرتووەکان
کەشتییە بازرگانییەکان تۆمار و پشکنین دەکات و ناوەندێکی هەماهەنگیش لە عومان
دادەنێت.
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە زانیاریی زیاتری لەسەر
ئامانجی پلانەکە درا. ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
لە لێدوانێکدا بە رووداوی گوت: "پێویستە لایەنەکانی ئەم ململانێیە و ئەو
دەوڵەتە ئەندامانەی هاوسنوورن رێک بکەون. ئەمەی ئێمە پێشنیاری دەکەین میکانیزمێکی
چەسپاندنی ئاشتی نییە، بەڵکو میکانیزمێکە بۆ ئاسانکاریی گواستنەوەی خۆراک و کاڵای
دیکە بە تەنگەکەکەدا. پەکخستنی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز و لە دەریای رەش، ئەو
خەڵکانە باجەکەی دەدەن کە کەمترین توانای داراییان هەیە."
نووسینگەی رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندیی بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا
و ئێرانەوە کردووە، بەڵام تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە وەڵامیان نەدراوەتەوە.
ئەم هەنگاوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ئەمریکا کۆمەڵێک سزای
نوێی ئابووریی خستووەتە سەر تاران و هێشتا روون نییە ئێران بەم پێشنیارە رازی
دەبێت یان نا.


