رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، توانیویانە 85 کۆچبەر لە نێو دوو بەلەمدا لە نزیک دوورگەی کریت رزگار بکەن؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا سەتان کۆچبەری دیکە کە هەوڵیان دەدا بگەنە ئەورووپا، لە ناو دەریا و لە دەوروبەری ئەو دوورگەیە رزگارکراون.
رۆژی سێشەممە 25-08-2026، ئاژانسی هەواڵی (ئەی ئێن ئەی)ـی یۆنانی لە زاری پاسەوانی کەناراوەکانەوە بڵاویکردەوە، دوو بەلەمی لاستیکی لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە لە ناو دەریا دەستنیشانکراون، دواتریش کەشتییەکی پاسەوانی بە پەلە گەیشتووەتە ناوچەکە و رێگری لە نوقمبوونیان کردووە.
کۆچبەرەکان گواستراونەتەوە بۆ بەندەری کالی لیمێنێس لە باشووری دوورگەی کریت بە مەبەستی تۆمارکردنی ناویان و پێشکەشکردنی هاوکاریی سەرەتایی.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی ئەسینا (ANA) کە رۆژی یەکشەممە 23-08-2026 بڵاوکراونەتەوە، تەنیا لە ماوەی سێ رۆژدا زیاتر لە 150 کۆچبەر لە ئاوەکانی باشووری یۆنان رزگارکراون.
تەنیا لە رۆژی هەینیدا، 131 کۆچبەر لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لەلایەن کەشتییەکانی ئاژانسی پاراستنی سنوورەکانی ئەوروپا (فرۆنتێکس) رزگارکران. هەروەها رۆژی شەممە، کەشتییەکی نەوتهەڵگر توانی 33 کۆچبەری دیکە لەنێو بەلەمێکی بچووکدا لە خنکان رزگار بکات.
وەزارەتی کۆچبەریی یۆنان ئاماژەی بەوە کردووە، کۆچبەرە رزگارکراوەکان بۆ ناوەندەکانی پێشوازی لە دوورگەکانی (لێسبۆس و سامۆس) دەگوازرێنەوە و دواتر رەوانەی خاکی سەرەکیی یۆنان دەکرێن.
دوای تووندکردنەوەی چاودێری لەسەر رێگەکانی تورکیا، قاچاخچییەکان رێگەیەکی مەترسیداریان گرتووەتەبەر، کە لە رۆژهەڵاتی لیبیاوە (بەتایبەت ناوچەی تۆبروق) دەستپێدەکات بەرەو دوورگەکانی کرێت و گادڤۆس لە باشووری یۆنان. زۆربەی کۆچبەرەکان خەڵکی پاکستان، ئەفغانستان، بەنگلادیش و سوودانی باشوورن.
یۆنان وەک یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی گەیشتن بە یەکێتیی ئەوروپا، رووبەڕووی گوشارێکی زۆری کۆچبەری بووەتەوە، ئەمەش جاروبار دەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان پەناخوازان و هێزە ئەمنییەکاندا.
دوورگەی کریت و دوورگەی گاڤدۆسی هاوسێی، کە نزیکەی 320 کیلۆمەتر (200 میل) لە کەناراوەکانی لیبیاوە دوورن، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بوونەتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت لە باکووری ئەفریقاوە بگەنە خاکی ئەورووپا.
ئەم رێڕەوە نوێیە بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگەکان دادەنرێت، چونکە کۆچبەران ناچارن مەودایەکی زۆر لە ناو قووڵایی دەریای ناوەڕاستدا ببڕن؛ زۆربەی جاریش قاچاخچییەکان بەلەمی کۆن و ناسەلامەت بەکاردەهێنن کە بەرگەی شەپۆلە بەهێزەکان ناگرێت.
سەرەڕای مەترسییەکانی خنکان، رۆژانە بە سەدان کەس لە لیبیاوە بەو ئاراستەیەدا بەڕێدەکەون، ئەمەش وایکردووە هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان لەوپەڕی ئامادەباییدا بن.


