رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بە تووندی هێرشی کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە دەسەڵاتێکی "شکستخواردوو" وەسفی کرد و رایگەیاند تاران ناتوانێت مووچەی بەشێکی زۆری هێزە سەربازییەکانی دابین بکات، سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی گەیاندووەتە ئاستی قەیرانی مرۆیی.
رۆژی سێشەممە 25ی ئابی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە (ترووس سۆشیاڵ) رەخنەی تووندی لە دەسەڵاتدارانی ئێران گرت لەسەر مامەڵەکردنیان لەگەڵ هێزە سەربازییەکان و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و رایگەیاند، "رەوشی ئێران بووەتە قەیرانێکی مرۆیی گەورە، پێویستە دەستبەجێ بوەستێندرێت."
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا دەسەڵاتی تاران بە ''داڕووخاو و شکستخواردوو'' وەسف دەکات و دەڵێت، "کۆماری شکستخواردووی ئیسلامیی ئێرانی، مووچەی بەشێکی زۆری هێزە سەربازییەکانی نادات."
"کوشتنی ناڕازییەکان و قەیرانی مرۆیی"
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە سەرکوتکردنی ناڕازییەکان لە ناوخۆی ئێران کرد و رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی تاران "هاوکات لەگەڵ نەدانی مووچەی سەربازەکانیان، خەڵکی ناڕازی دەکوژن؛ تەنانەت ئەو کەسانەش دەکوژن خۆپێشاندانیش ناکەن، ئەمەش لە ئاستێکدا کە پێشتر وێنەی نەبووە." دیار نییە ترەمپ باسی کام قۆناخی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەکات لە ئێران، چونکە دوای ئاڵۆزییەکانی سەرەتای ساڵ لە خۆپێشاندانەکانی ئێران دا، خۆپێشاندانی دیکەی فراوان نەکراون.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتایی شوباتی 2026 و سەپاندنی سزای ئابووریی تووند بۆ سەر تاران، ئابووریی ئێران رووبەڕووی هەڵئاوسانی تووند و داڕمانی بەهای دراوی نیشتمانی بووەتەوە.
ئیدارەی واشنتن لەم هەفتەیەدا هەڵمەتی گۆشەگیرکردنی ئابووریی تارانی تووندتر کردووەتەوە، تاوەکو سەرچاوە داراییەکانی ببڕێت. لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی تاران ئاماژە بەوە دەکەن، وڵاتەکەیان لە پێگەیەکی بەهێزدا بەرگری لە خۆی دەکات و تۆمەتەکانی ئەمریکا رەتدەکەنەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


