رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری، بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەکو خەڵات تەرخان کردووە بۆ هەر کەسێک زانیاریی ورد بدات لەبارەی عوبەیدوڵڵا، یەکێک لە ئەمیرە دیارەکانی داعش لە ویلایەتی خۆراسان .
بەپێی راگەیێندراوەکەی بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری ، عوبەیدوڵڵا یەکێکە لە بەرپرسە دیارەکانی داعشی خۆراسان و رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەڕێوەبردنی چالاکییە داراییەکان، داڕشتنی پلانی ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەیی ئەو گرووپانەی هێرشی تیرۆریستی دەکەن.
داعشی خۆراسان گرووپێکی چەکداری سەر بە داعشە و لە سنووری وڵاتانی ئێران، ئەفغانستان، پاکستان و نێوەڕاستی ئاسیا دەگرێتەوە، جموجۆڵ دەکات
بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری داوا لە خەڵک دەکات هەر زانیارییەکیان دەربارەی عوبەیدوڵڵا هەیە، لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی سیگناڵ، تەلەگرام یان لینکی پارێزراوی تۆر بۆیان بنێرن.
ئەمریکا بەڵێنی داوە جگە لە خەڵاتە داراییەکە کە بڕەکەی دەگاتە 10 ملیۆن دۆلار، ئامادەیە "پاراستن و گواستنەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت" بۆ ئەو کەسانە و خێزانەکانیان دابین بکات زانیارییەکان دەدەن.
ئەم هەنگاوەی واشنتن وەکو بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ تێکشکاندنی رێکخراوی داعش و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان دەبینرێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دروست دەکەن.
داعشی خۆراسان کانوونی دووەمی 2015، دامەزراوە و ژمارەی چەکدارانی بە نزیکەی چوار هەزار شەش هەزار چەکدار دەخەمڵێنرێت.


.jpg&w=3840&q=75)
