رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەمریکا دەڵێ، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی) بۆ چەند کۆبوونەوەیەک سەردانی مۆسکۆی کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی داتای گەشتە ئاسمانییەکان دەریانخست کە فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکی گەیشتووەتە پایتەختی رووسیا.
کەناڵی (سی بی ئێس نیووز) لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گەشتەکەی راتکلیفی بڵاوکردەوە و گوتی، ئەوە یەکەمین سەردانی ناسراوی راتکلیفە بۆ رووسیا لەو کاتەوەی لە کانوونی دووەمی 2025، پۆستی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی وەرگرتووە. هاوکات ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ـیش لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە هەمان زانیاری بڵاوکردەوە.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی کۆشکی سپی و کرێملن هیچ شتێکیان لەسەر سەردانەکەی راتکلیف رانەگەیاندووە.
داتاکانی ماڵپەڕی (Flightradar24) دەریدەخەن کە فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکی لە جۆری (C-17) لە ئەمریکاوە بەرەو لاتڤیا و پاشان بۆ مۆسکۆ گەشتی کردووە.
ئەم سەردانە رانەگەیێندراوەی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لە کاتێکدایە، دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا دەکران، وەستاون و بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە نەبینیوە.
جگە لە پرسی ئۆکراینا، جەنگی ئێران یەکێکی دیکەیە لە بابەتە هەستیارەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ، بەو پێیەی رووسیا هاوپەیمانێکی نزیکی تارانە.


.jpg&w=3840&q=75)
