رووداو دیجیتاڵ نوێنەری باڵای دەستەی ئاشتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ غەززە، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بەرامبەر بە غەززە و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە ساڵانی رابردوودا گرت. نیکۆلای ملادینۆڤ، نوێنەری باڵای دەستەی ئاشتی بۆ غەززە لە وتارەکەیدا رایگەیاند: "لە قبووڵکردنی نەخشەڕێگاکەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بوون و هێشتاش هاووڵاتییە مەدەنییەکانی فەلەستین دەکوژرێن." ملادینۆڤ، کاتێک لە تەنیشت نوێنەری ئیسرائیل دانیشتبوو، جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل وەک کێشەیەکی ئاسایش مامەڵەی لەگەڵ حەماسدا کردووە کە بەڕێوەببرێت نەک چارەسەر بکرێت، ئەمەش وایکردووە حەماس وەک تاکە ناونیشان لە غەززە بمێنێتەوە و نزیکەی بیست ساڵە باجی ئەو دۆخە بە خوێن دەدرێت. نوێنەری ئیسرائیل لە کاتی وتارەکەدا وەڵامی رەخنەکانی نەدایەوە، بەڵام مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ پرۆسەی ئاشتی دووپات کردەوە. نوا فێرمان، جێگری باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی گوت: "پلانەکە ناتوانێت سەربکەوێت هەتا حەماس بە چەکداری بمێنێتەوە. چەکداماڵین دەبێت یەکەم هەنگاو بێت؛ دەبێت حەماس و چەکەکانی بە تەواوی هەڵبوەشێنرێنەوە و ژێرخانە تیرۆریستییەکەی وێران بکرێت." رەخنەکانی ملادینۆڤ لە کاتێکدان کە ئیسرائیل بە فەرمی پلانی 15 خاڵی دەستەی ئاشتیی رەتکردووەتەوە. ئەم هەڵوێستە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی تۆم باراک، نێردراوی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێشتر گوتبووی ئیسرائیل بەرزاییەکانی جۆلانی "داگیر کردووە"، ئەگەرچی دواتر پاشگەز بووەوە و جەختی کردەوە لەوەی سیاسەتی واشنتن بەرامبەر دانپێدانانی سەروەریی ئیسرائیل بەسەر جۆلاندا گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.