رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی فریاگوزارییەکان لە ناوچە وێرانبووەکانی سەر سنووری نیپاڵ و تبتدا بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە بەهۆی لافاوەکەی دوێنێوە بێسەروشوێنن، تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی لانیکەم 270 پشتڕاستکراوەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 27ی ئابی 2026، پۆلیسی نیپاڵ رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەرمی 270 کەسیان دۆزیوەتەوە، بەڵام 823 کەسی بێسەروشوێنن کە 517یان گەشتیاری بیانین. لە دیوی چینیش، میدیا فەرمییەکان رایانگەیاند، لافاو و قوڕ لە بەندەری "گیرۆنگ" لە تبت بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس و بێسەروشوێنبوونی 558 کەسی دیکە، کە 260یان بیانیین.
"تسونامییەکی ناو وشکانی"
رووس گامبڵ، مێژوونووسی ژینگەیی لە زانکۆی لا ترۆبی ئوسترالیا، ئەم رووداوەی وەک تسونامییەکی ناو وشکانی وەسف کرد، کە بە درێژایی 170 کیلۆمەتر بەرەو باشووری نیپاڵ رۆیشتووە. لافاوەکە لە ناوچەی راسوا لە باکوورەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو ناوچەی چیتوان لە باشووری سەر سنووری هیندستان رۆیشتووە.
بەپێی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا، کارەساتەکە بەهۆی هەرەسهێنانی شاخە سەهۆڵینەکان بووە نەک بوومەلەرزە. هەرچەندە سەرەتا وەک بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.4 پلە تۆمارکرا، بەڵام دواتر دەرکەوت بەهۆی هەرەسێکی گەورەی سەهۆڵ و بەرد بووە کە بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی وێرانکەری لافاو.
زیارەتکارانی هیندۆس لە ناو جەرگەی کارەساتەکەدا
سادگورۆ، رێبەری رۆحیی ناسراوی هیندستان رایگەیاند، سەدان زیارەتکاری هیندۆس کە لە زیارەتی کێوی کەیلاش لە تبت دەگەڕانەوە، لە خاڵە سنوورییەکاندا کەوتوونەتە ناو لافاوەکەوە. سادگورۆ لە ڤیدیۆیەکدا بە گریانەوە گوتی: "تەواوی گرووپەکە لەناو باڵەخانەیەکدا بوون، ئەمە رووداوێکی یەکجار ترسناک و نائاساییە."
تیمەکانی فریاگوزاری لە کێبڕکێدان لەگەڵ کاتدا، چونکە هێشتا مەترسیی لافاوی دووەم لە ئارادایە. شارەزایانی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی چیاکان هۆشداری دەدەن کە پاشماوە و داروپەردوویەکی زۆر رێڕەوی رووبارەکەیان لەسەر سنووری نیپاڵ و چین گرتووە و ئەگەری هەیە هەر ساتێک بێت بتەقێت و شەپۆلێکی دیکەی لافاو روو لە ناوچەکە بکات.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سوور رایگەیاندووە، دەستیان کردووە بە ناردنی هاوکارییە فریاگوزارییەکان لەوانە بەتانی، پێداویستیی پزیشکی و کیسەی هەڵگرتنی تەرم بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان.


.jpg&w=3840&q=75)