رووداو - نیویۆرک
ئەحمەد یڵدز، نوێنەری تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا، بەتایبەتی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و تێکەڵکردنی لەگەڵ دامەزراوە سەربازییەکانی سووریا ئەرێنین، بەڵام پشتڕاستکردنەوە پێویستە.
رۆژی پێنجشەممە، 27ی ئابی 2026، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە رەوشی سووریا، ئەحمەد یڵدز، نوێنەری تورکیا هەڵوێستی ئەنقەرەی لەبارەی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی دەوڵەتی سووریا خستەڕوو.
پشتڕاستکردنەوەی رێککەوتنی هەسەدە
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لەبارەی ئەوەی ئایا داواکاریی سەرەکیی ئەنقەرە کە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە بوو، هاتووەتە دی و ئیدی دۆسیەکە داخراوە؟ نوێنەری تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "بە راشکاوی بڵێم، پێشهاتەکان باشن، بەڵام جێبەجێبوونی ئەو مەرجەی لەسەری رێککەوتوون، دەبێت بە تێپەڕبوونی کات پشتڕاست بکرێتەوە."
لەبارەی هەڵوێستی ئەنقەرە لەسەر هەنگاوەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەنێو سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی سووریادا، یڵدز بە رووداوی راگەیاند: "دڵنیام دەسەڵاتدارانی سووریا رەچاوی مەترسییە ئەمنییەکانی ئێمە دەکەن."
رۆژی سێشەممە 25-8-2026 مەزڵووم عەبدی هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی "هەسەدە" و تێکەڵبوونی بە سوپای سووریای راگەیاند.
عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە سووریا چووەتە قۆناخێکی نوێوە و گوتی: "ئەمڕۆ بە بەرپرسیارێتییەکی تەواوەوە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ رادەگەیێنین."
هەڵوێستی تورکیا لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا
باڵیۆزی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشێکی دیکەی ئاخاوتنەکەیدا بۆ رووداو، رەخنەی تووندی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر خاکی سووریا گرت و بە رووداوی گوت: "ئەمە زۆر خراپە. ئەمە پێشێلکارییەکی زۆر گەورەی تەواوی یاساکانە و ئەم تێڕوانینەش بۆ هەڕەشە، زۆر لایەنگرانە و زیادەڕۆیانەیە."
ئیسرائیل لە ساڵی 2011ەوە سەتان جار هێرشی کردوەتە سەر سووریا، دوایینیان هێرشی رۆژی 18ـی ئابی 2026 بوو کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆسەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زهور لە پارێزگای ئیدلب ئەنجامیان دا.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان
رووداو: داواکاریی سەرەکی ئەنقەرە نەمانی هەسەدە بوو، ئەوەش روویدا. ئایا ئەو دۆسیەیە لە روانگەی ئێوەوە ئیدی داخراوە؟
یڵدز: بە راشکاوی بڵێم، پێشهاتەکان باشن، بەڵام جێبەجێبوونی ئەو مەرجەی لەسەری رێک کەوتوون، دەبێت بە تێپەڕبوونی کات پشتڕاست بکرێتەوە.
رووداو: ئایا بە تەواوی لە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە رازین؟ هەڵوێستی ئەمڕۆی تورکیا چییە؟
یڵدز: دواجار لێدوان نادەم، چونکە ئەمە کاروباری نێوخۆیی جیدییە. بە ئاشکرا لێدوان نادەم، بەڵام دڵنیام دەسەڵاتدارانی سووریا رەچاوی مەترسییە ئەمنییەکانی ئێمە دەکەن.
رووداو: دوایین پرسیار لەسەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریایە. چی دەڵێن؟
یڵدز: ئەمە زۆر خراپە. ئەمە پێشێلکارییەکی زۆر گەورەی هەموو یاساکانە و ئەم تێڕوانینەش بۆ هەڕەشە زۆر لایەنگرانە و زیادەڕۆیانەیە.

