رووداو - نیویۆرک
نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، مافەکانی گەلی کورد لە سووریادا بە چەندین شێوە گەرەنتی کراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان "رۆڵێکی ئەرێنی گێڕا لە ئاسانکاری و نێوەندگیری، لە روونکردنەوەی دۆخەکە و ئەوەی شتەکان چۆن دەڕۆن، هاوپەیمانەکان کێن و دووژمنەکان کێن".
سەردانی نێچیرڤان بارزانی و تویتەکەی ئەحمەد شەرع
ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە نیویۆرک، تیشکی خستە سەر سەردانی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا.
عولەبی رایگەیاند: "ئەمە سەردانێکی مێژوویی بوو؛ بینیتان کە سەرۆک شەرع دوای کۆبوونەوەکە، بە زاراوەی کوردیی کورمانجی تویتێکی بڵاوکردەوە، کە پێموایە لە مێژووی سووریا و تەنانەت کۆمکاری عەرەبیشدا شتی وا پێشتر رووینەداوە."
نوێنەرەکەی سووریا جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان رۆڵێکی زۆر ئەرێنی لە ئاسانکاری و نێوەندگیریی نێوان دیمەشق و سەرکردەکانی هەسەدەدا گێڕا بۆ روونکردنەوەی دۆخەکە و سەرکەوتنی پرۆسەی تێکەڵکردنەکە، هاوكات دڵسۆزیی سەرکردەکانی هەسەدەی بەرز نرخاند کە تێگەیشتن مافەکانیان پارێزراوە و پێویست بە رشتنی دڵۆپێک خوێن ناکات.
دەستکەوتەکانی کورد لە سووریادا
سەبارەت بەوەی کورد بە کردار چی بەدەستهێناوە لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەدا، عولەبی روونیکردەوە کە لێکتێگەیشتنەکە تەنیا بە مەرسوومی ژمارە 13ی سەرۆکایەتییەوە نەبەستراوە، بەڵکو چەندین لایەنی ئەرێنیی دیکەی لێکەوتووەتەوە.
عولەبی گوتی: "یەکەم هەنگاو گەڕانەوەی هەزاران هاووڵاتییە بۆ زێدی رەسەنی خۆیان لە عەفرین و ناوچەکانی دیکە، کە ئەمە خۆی کارێکی نایابە. جگە لەوەش، کورد دەبنە بەشێکی سەرەکی لە دەوڵەت و پۆستی باڵایان لەنێو هێزە چەکدارەکان، حکومەت و پەرلەمان دەبێت. ئێمە هەرگیز دووژمنایەتیی کوردمان نەکردووە، تەنیا جیاوازیی بۆچوون هەبووە و ئێستاش پێکەوە سووریای نوێ بەرەو پێش دەبەین."
چەسپاندنی زمانی کوردی لە دەستووری نوێی سووریادا
سەبارەت بە ئەگەری چەسپاندنی مافەکانی زمان و خوێندنی کوردی لە دەستووری داهاتووی سووریادا، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بابەتە لە قۆناخی گواستنەوەی سیاسیدا و لە کاتی داڕشتنی دەستووردا تاووتوێ دەکرێت.
عولەبی گوتی: "سەرجەم هەنگاوەکانی حکومەت لە یەکەم رۆژەوە، لە دابینکردنی مافەکان و دەستنیشانکردنی کەسایەتییە کوردییەکان بۆ پەرلەمان، ئەوە دەسەلمێنن کە هیچ بەرهەڵستییەک نییە بەرامبەر بە مافەکانی کورد. بۆ نموونە، ئێستا خانمێکی کوردمان لە پەرلەمان هەیە کە بە جلوبەرگی رەسەنی کوردییەوە دادەنیشێت کە ئەمە لە مێژووی وڵاتدا بێوێنەیە. بەڵام بێگومان لە داهاتوودا دانوستاندنی ورد لەسەر ئەوە دەکرێت کە چی دەخرێتە ناو دەستوورەوە و چۆن جێبەجێ دەکرێت."
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی نامۆ عەبدوڵڵا و ئیبراهیم عولەبی
رووداو: هەسەدە و سووریا بە تەواوی لەسەر چی رێککەوتن کە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەی لێکەوتەوە؟
ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: پێش هەموو شتێک، ئەوە ساتێکی مێژوویی بوو، وابزانم ئەمڕۆ گوێتان لە ئەنجوومەنی ئاسایش بوو، هەمووان بەراستی بەم ساتە دڵخۆش بوون. بەڵام ئەم ساتە لەدوای کارێکی زۆر لەنێوان هەسەدە و حکومەت هات، بۆ تێکەڵکردن. ژیرییەکی زۆر، بەراستی، کە دەیگوت شەڕ بژاردە نییە. مافەکانیش شتێک نین کە حکومەت بڵێت پێویستە بۆیان بجەنگیت، چونکە مافەکان بە چەندین شێوەی جیاواز دەستەبەرن. ئەوە بەراستی ساتێک بوو کە وەک گوتم، تێڕوانینە تەسکەکان بۆ دەوڵەت یان گرووپەکان، بە بیرۆکەیەکی نیشتمانی فراوانتر تێپەڕێندران کە هەمووانی کۆکردەوە. کەواتە ئەمە جۆرێک لە ئەنجام بوو. ئەم ساتە، ئەنجامی هەموو ئەو کارە گەورەیە بوو کە ئەنجام درا. وردەکارییە تەواوەکانی پۆستەکان و شتەکانی دیکە هێشتا بە فەرمی ئاشکرانەکراون. لێرە و لەوێش دەنگۆ هەن. کاتێک من بیستم، ئێوەش دەیبیستن. بەڵام وابزانم ئەوەی لەم چەند رۆژەی دواییدا بیستوومە، تەنیا دڵخۆشی و ستایش بووە کە دەکرێ ببینە نموونەیەک بۆ ئەوەی بەراستی دەوڵەت چۆن بنیات دەنرێ.
رووداو: پرسیارێک کە کورد بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیکەن ئەوەیە، بە شێوەیەکی بەرجەستەیی، کورد چی بەدەست هێناوە لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی سوپاکەیدا؟
ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: دیسان، هەڵوەشاندنەوەکە ئەنجام بوو. یەکەم و پێش هەموو شتێک، ئەو مافانە بوون کە مەرسوومی ژمارە 13 دابینی کردن. بەڵام ئەوە هەر بە دانوستاندنەکەوە نەبەسترابوو. سەرۆک بە روونی گوتی ئەوە شتێکە دەبێت کە لە هەر دۆخێکدا روودەدات. گەڕانەوەی خەڵک بۆ عەفرین و شوێنەکانی دیکە: دەبینین هەزاران کەس دەگەڕێنەوە بۆ زێدە رەسەنەکانیان، ئەمەش شتێکی نایابە. بوون بە بەشێک لە دەوڵەت، پۆستی باڵا لە سوپا، پۆستی باڵا لە حکومەت، ئەندامی پەرلەمان. بە گشتی، هەرگیز شەڕ لەگەڵ کورد نەبووە. لایەنی جیاواز و بۆچوونی جیاواز هەبوون، بەهۆی ئەزموونی جیاوازەوە. پاشان لە ساڵێکدا توانیمان پێکەوە ئەوە بکەین و ئێستاش پێکەوە سووریا بەرەو پێش دەبەین. ساتێکی مەزنە.
رووداو: ئایا مافەکانی کورد، بۆ نموونە، مافەکانی زمانی کوردی و خوێندن، لە دەستووردا دەچەسپێندرێن؟ ئایا بەڵێنێکی لەو جۆرە بە سەرکردەی کورد دراوە؟
ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەمە، وەک دەزانن، شتێکە لە قۆناخی گواستنەوەی سیاسیدا لە هەنگاوی داهاتوودا دێت. دەبینین دەستوور چۆن دادەڕێژرێ و کێ لەوێ دەبێت. بەڵام پێم وایە هەموو ئاماژەکان، نەک هەر ئاماژە، بەڵکو هەموو ئەو کارانەی حکومەت لە یەکەم رۆژەوە ئەنجامی داون، لە بواری دانوستاندن و دەستنیشانکردن و شتی دیکەدا... ئەو لیستەی سەرۆک دەستنیشانی کرد، کەسایەتی کوردی لەخۆگرتبوو بۆ پەرلەمان. خانمێکی کوردمان هەیە کە بە جلوبەرگە رەسەنە کوردییەکەیەوە لە پەرلەمان دانیشتووە، بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، ئەمە شتێک نییە پێشتر بینیبێتمان. کەواتە هەموو ئەم شتانە ئەوە دەردەخەن کە لە بنەڕەتدا هیچ دووژمنایەتی و بەرهەڵستییەک نییە بەرامبەر ئەوەی کە دەڵێیت بخرێتە دەستوورەوە. بەڵام گفتوگۆی لەسەر دەکرێ: چی دەخرێتە ناو دەستوورەوە و چی ناخرێ و چۆن ئەنجام دەدرێ. ئەمەش ئەو جوانییەیە کە سووریای نوێ بەراستی هەیەتی.
رووداو: دوا پرسیار، بینیمان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوو بۆ دیمەشق و لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد شەرع کۆبووەوە. دەتوانن پێمان بڵێن ئایا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی چی رۆڵێکی لە تەواوی پرۆسەی تێکەڵکردنەکەدا گێڕا؟
ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەمەش سەردانێکی مێژوویی بوو. بینیتان، وابزانم، سەرۆک شەرع دوای ئەوە، بە زاراوەیەکی کوردی، بە کورمانجی، تویتێکی بڵاو کردەوە. دیسان وابزانم، هیچ سەرۆکێکی سووریا شتی وای نەکردووە، رەنگە تەنانەت لە کۆمکاری عەرەبیشدا شتی وا پێشتر رووینەدابێت. بێگومان. کەواتە ئەمە ساتێکی گەورەیە. بەڵێ، هەرێم رۆڵێکی ئەرێنی گێڕا لە ئاسانکاری و نێوەندگیری، لە روونکردنەوەی دۆخەکە و ئەوەی شتەکان چۆن دەڕۆن، هاوپەیمانەکان کێن و دووژمنەکان کێن. کەواتە بەڵێ، بە گشتی پرۆسەیەکی باش بوو. هەرێمی کوردستان و برا و خوشکە کوردەکانیشمان لە عێراق، وابزانم، رۆڵێکی زۆر ئەرێنییان گێڕا، جگە لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان. بەڵام هاوکارە نێوخۆییەکانیشمان لە سووریا، سەرکردەکانی هەسەدە، بەراستی لە دۆخەکە تێگەیشتن؛ تێگەیشتن کە مافەکانیان دەستەبەرن و پێویست ناکات دڵۆپە خوێنێک بڕێژرێ، وەک سەرۆک گوتوویەتی. ئێستاش تێگەیشتن و سووریایان گەیاندە ئەو شوێنەی ئێستا لێیەتی. بۆیە زۆر دڵخۆشم.
رووداو: زوو قسەم کرد. پرسیارێکی دیکەش دەمەوێ بکەم: شەڕڤانە ژنەکان، دەگوترێ لە وەزارەتی ناوخۆدا دەبن. راپۆرتەکان وا دەڵێن و بۆ نموونە ئەل مۆنیتەر وادەڵێت. ئایا ئەوە راستە؟ بە تەواوی چ رۆڵێک دەگێڕن، لە چوارچێوەی دژە تیرۆردا دەبن، وایە؟
ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: مەبەستم ئەوەیە، ئێستا هەموو ئەوانە بابەتی گفتوگۆن، وەک ئەمڕۆ جێگری نێردەی تایبەتیش باسی ئەم وتووێژانەی کرد. ئەوان لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ سەرۆک شەرعیش ئامادە بوون. لە کۆشکدا بینیتانن. کەواتە ئەمانە بابەتی گفتوگۆن. بەڵام تەواوی کەشوهەکە ئەوەیە کە دەمانەوێ پێکەوە کار بکەین بۆ داهاتوویەک، بۆ سووریایەکی باشتر کە بەراستی شایستەی هەمووانە.
رووداو: هێشتا لەسەر ئەوە رێک نەکەوتوون کە چ رۆڵێک دەبینن؟
ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: من لێرەوە، لە نیویۆرکەوە، ئەو جۆرە شتانەم پێ ناگات. زۆر بە خێرایی روودەدەن. بەڵام دڵنیام کاتێک لەسەری رێک کەوتن، ئاشکرا دەبێت و هەمووان دەیزانن.


