رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا (BKA) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی 6 بۆ 12 مانگی رابردوودا، بەکارهێنانی چەک و تووندوتیژی لەلایەن گرووپە مافیا تورکەکانی ناسراو بە "مافیای نەوەی زێد" (GenZ-Mafia) زۆر زیادی کردووە. ئەو دەزگایە دەڵێت، ئەم گرووپانە بوونەتە دیاردەیەکی نوێ لە ئەڵمانیا و بە چەکی سووکی تورکی هەڕەشە لە خاوەنکار و بازرگانان دەکەن بۆ ئەوەی سەرانەیان وەربگرن.
رۆژی پێنجشەممە (27ـی ئابی 2026)، گوتەبێژی پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا (BKA) و فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی تاوانەکان لە هەرێمی نۆرد راین ڤێستفالیا لەبارەی زیادبوونی رووداوەکانی "هەڕەشەی چەکداری" وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداویان دایەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی فیدڕالیی ئەڵمانیا گوتی: "لە نێوەڕاستی ساڵی 2025ـەوە، جۆرێکی نوێ لە تاوانی رێکخراو لە ئەڵمانیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە کە پەیوەندییان بە گرووپەکانی نێو تورکیاوە هەیە. ئەندامانی ئەم گرووپانە بە رەچەڵەک خەڵکی تورکیان و بەهۆی ئەوەی گەنجن، میدیاکانی تورکیا بە 'مافیای نەوەی نوێ' یان 'مافیای نەوەی زێد' ناویان دەبەن."
دەزگاکە باسی لەوە کرد کە تاوەکو ئێستا دوو گرووپیان بە ناوەکانی "دالتۆنەکان - Daltonlar" و "کاسپەرەکان - Casperlar" دەستنیشان کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەم مافیایانە لە چەند گرووپێکی جیاواز پێکدێن و زۆربەی ئەندامەکانیان ئەو گەنجانەن کە لەنێوان ساڵانی 1995 بۆ 2012 لەدایکبوون.
ئەم مافیایانە چ تاوانێک دەکەن؟
پۆلیسی نۆرد راین ڤێستفالیا دەڵێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا شەڕەتەقەی راستەوخۆ لەنێوان خۆیاندا تۆمار نەکراوە، بەڵام ئەم مافیا تورکیانە زیاتر بەوە ناسراون کە بە زۆرەملێ "پارەی پاراستن" یان سەرانە لە خەڵک دەسەنن.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم گرووپانە تەقەیان لە ماڵ و موڵکی خەڵک کردووە و هێرشی سووتاندنیان ئەنجامداوە. لەبەر ئەوە، ئێستا پۆلیس لێکۆڵینەوە لە 20 دۆسیەی لەم شێوەیە دەکات.
لە ساڵی 2026ـدا لەو هەرێمە هیچ رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی راستەوخۆ لەنێوان گرووپەکاندا رووینەداوە، بەڵام چەکیان دژی باڵەخانە و ئۆتۆمبێلەکان بەکارهێناوە. هاوکات هەوڵێکی کوشتنیش هەبووە، بەڵام رووداوەکە راستەوخۆ پەیوەندیی بە وەرگرتنی سەرانەوە نەبووە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا تەنیا بازرگان و خاوەنکارە کوردەکان دەبنە قوربانیی ئەم رێکخراوانە، پۆلیسی فیدراڵی گوتی، زانیاریی فەرمییان لەو بارەیەوە لەبەردەستدا نییە. بەڵام بەپێی میدیاکانی ئەڵمانیا، زیاتر خاوەنکارە کوردەکان دەکرێنە ئامانجی هێرشەکانیان.
لەلایەکی دیکەوە، پۆلیسی هەرێمی نۆرد راین ڤێستفالیا دەڵێت، پاشخانی نەتەوەیی زۆر گرنگ نییە، بەڵام گرووپێکی وەک "دالتۆنەکان" زیاتر ئەو خاوەنکارانە دەکەنە ئامانج کە خەڵکی تورکیان.
چەکە نایاساییەکان لە تورکیاوە دێن
پۆلیسی فیدراڵی بە رووداوی راگەیاند، هەرچەندە ئاماری تەواوەتیی تەقەکردن بەم چەکانەیان لەلای نییە، بەڵام ئاشکرایان کرد کە تورکیا یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی چەکی نایاسایی و قاچاخ. گوتەبێژەکە گوتی، زۆربەی ئەو چەکە ساختانەی لە تورکیا دروست دەکرێن، زۆر لە چەکە "ئۆرجیناڵەکان"یەکان دەچن.
هەروەها گوتیشی: "لەنێویاندا دەمانچەی دەنگی هەن کە لە تورکیا بەرهەم هێندراون، دواتر لە ئەڵمانیا دەستکاری دەکرێن و دەکرێنە چەکی کوشندە و نایاسایی."
جیاوازییان لەگەڵ مافیا کۆنەکاندا چییە؟
بە گوتەی پۆلیس، مافیاکانی "نەوەی Z"ـی تورکی وەکو مافیا کۆنەکان بە نهێنی خۆیان رێکناخەن. بەپێچەوانەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوان زۆر گرنگن، "هەم بۆ پەیوەندیی نێوخۆییان، هەمیش بۆ نیشاندانی هێز و تواناکانیان بە خەڵکی دەرەوە."
گوتەبێژەکەی پۆلیسی فیدراڵی گوتی، هەرچەندە ئەو گرووپانە لە تورکیاوە دروستبوون، بەڵام پێشبینی دەکرێت بۆ پلاندانان و ئەنجامدانی تاوانەکانیان، لە چەندین وڵاتی جیاوازی یەکێتیی ئەورووپادا چالاک بن.



