رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ بە تووندی رەخنەی لە راپۆرتێکی جۆناسان هەنت، پەیامنێری کەناڵی فۆکس نیووز گرت سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران و بە راپۆرتێکی "تەواو ناڕاست" ناوی برد.
ترەمپ لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: "جۆناسان هەنت لە فۆکس نیووز هەواڵێکی تەواو ناڕاستی لەسەر کۆماری ئیسلامیی شکستخواردووی ئێران بڵاو کردووەتەوە. من نامەوێت کۆبوونەوەیان لەگەڵدا بکەم، ئەوان دەیانەوێت. لە راستیدا، ئەوان دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی رێککەوتن بکەن."
پەیامنێرەکەی فۆکس نیووز رۆژی چوارشەممە لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو، بەهۆی یارمەتیی چینەوە، پێناچێت ئابووری ئێران بە سزاکانی ئەمریکا بڕووخێت.
ئەم قسانەی ترەمپ هاوتەریبە لەگەڵ لێدوانە ئاشکراکانی ئەم دواییەی، کە تێیدا چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرپرسانی ئێران پەرۆشن بۆ دانوستاندن، لە کاتێکدا جەخت دەکاتەوە کە ئەمریکا هیچ پەلەی نییە بۆ کۆبوونەوە. لە چەند مانگی رابردوودا و لە سایەی گرژییە بەردەوامەکان، هێرشە سەربازییەکان و گفتوگۆ پچڕپچڕەکان لەسەر پرسەکانی وەک تەنگەی هورمز و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ترەمپ بە زمانێکی زۆر تووند باسی لە سەرکردایەتیی ئێران کردووە.
بریت بەیەر، پێشکەشکاری سەرەکیی سیاسیی کەناڵی فۆکس نیوز، پێشتر چەندین جار چاوپێکەوتنی لەگەڵ ترەمپ کردووە و سەرپەرشتیی رووماڵی پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات. جۆناسان هەنت-یش راپۆرتی لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە ئێران بۆ کەناڵەکە ئامادە کردووە، لەنێویاندا هەڵمەتی گوشارە ئابوورییەکان و وەڵامەکانی رژێمی ئێران.
ئەم پۆستەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە بە درێژایی ساڵی 2026، دیپلۆماسییەتی نێوان ئەمریکا و ئێران هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە؛ بە جۆرێک ترەمپ هەندێک جار ئامادەیی خۆی بۆ رێککەوتن بە مەرجی تووند نیشانداوە و هەندێک جاریش رایگەیاندووە کە رەنگە دانوستاندنەکان چیدیکە سوودیان نەمابێت.



