رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەکەی گەیشتووەتە رێککەوتنێکی نەوتیی "یەکجار گەورە" لەگەڵ ڤەنزوێلا، بەپێی ئەوە ئەمریکا کۆنترۆڵی زۆرینەی 65 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی سەلمێنراوی ئەو وڵاتە دەکات.
رۆژی شەممە، 29ی ئابی 2026، ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیال ئەم هەنگاوەی بە "گەورەترین رێککەوتنی نەوتی لە مێژوودا" وەسف کرد. بەرپرسانی ئەمریکا و ڤەنزوێلا ئاشکرایان کردووە، ئەم رێککەوتنە نزیکەی 100 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت بۆ ڤەنزوێلا رادەکێشێت و زیاتر لە 209 ملیار دۆلار داهاتی باج بۆ وڵاتەکە دابین دەکات.
بووژانەوەی ڤەنزوێلا لەژێر چاودێریی واشنتن
ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانە. لەوەتەی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەی لە دەسەڵات لادا و دەستگیری کرد، حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە لەژێر چاودێرییەکی تووندی واشنتندایە.
دێڵسی رۆدریگز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا، رێککەوتنەکەی پشتڕاستکردەوە و بە "وەرچەرخانێکی مێژوویی" بۆ بووژانەوەی وڵاتەکەی ناوبرد.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە نیشانەی سەرکەوتنی سیاسەتی "ئەمریکا پێش هەموو شتێک"ی ترەمپە، ئامانجی دەستەبەرکردنی نەوتی هەرزان و دابەزاندنی نرخی سووتەمەنییە لە ناوخۆی ئەمریکادا.
ستراتیژیی ئەمریکا و جەنگی ئێران
ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکا لە نزمترین ئاستی چوار دەیەی رابردوویدایە. ترەمپ کە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و گرانبوونی نرخی بەنزین رووبەڕووی دابەزینی ئاستی جەماوەری بووەتەوە، دەیەوێت پێس هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی کۆنگرێس، بەم رێککەوتنە متمانەی دەنگدەران بەدەستبهێنێتەوە.
بەپێی راپۆرتەکان، ئەم مامەڵەیە یەدەگی نەوتی ئەمریکا بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزدەکاتەوە.
ئاستەنگەکان و گومانی شارەزایان
شارەزایانی وزە دەڵێن، ئەم رێککەوتنە "نائاساییە" و هێشتا روون نییە چۆن خاوەندارێتی ئەم بڕە زۆرەی نەوت لە ڤەنزوێلاوە بۆ دەوڵەتێکی دیکە (ئەمریکا) دەگوازرێتەوە نەک بۆ کۆمپانیایەکی تایبەت. جۆرج پینۆن، توێژەر لە زانکۆی تێکساس، پرسیاری ئەوە دەورووژێنێت کە ئایا ئەمە فرۆشتنە یان تەنیا گواستنەوەی مافی بەرهەمهێنانە؟
کۆمپانیا ئەمریکییەکان هێشتا بەهۆی وێرانبوونی ژێرخانی ڤەنزوێلا و مێژووی دەستبەسەرداگرتنی سەرمایە بیانییەکان لەو وڵاتەدا بە گومانەوە سەیری وەبەرهێنان دەکەن. بەڵام جۆن کیلدەف، شارەزای وزە پێی وایە ئەمریکا دەیەوێت "ناوچەیەکی پارێزراو" دروست بکات تاوەکو کۆمپانیاکانی وەک شێڤرۆن بتوانن بەبێ مەترسییە سیاسییەکان کارەکانیان ئەنجام بدەن.



