رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی گیانلەدەستدان لە لافاوەکەی سنووری نێوان نیپاڵ و چین، گەیشتە 676 کەس. زانیارییەکان باس لە بێسەروشوێنبوونی نزیکەی سێ هەزار کەس دەکەن.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، 669 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، نیپاڵین. 7 کەسیش خەڵکی هەرێمی تیبت بوون. تیبت هەرێمێکی سەربەخۆیە لە چین و دەکەوێتە سەر سنووری نیپاڵ.
لەو سێ هەزار کەسەی بێسەروشوێنن، دوو هەزار و 426 کەسیان خەڵکی نیپاڵن، 554 کەسی دیکە دانیشتووی هەرێمی تیبتن. هاوکات 540 گەشتیاری بیانی لەنێو بێسەروشوێنبووەکاندان، زۆرینەیان زیارەتکاری هیندۆسین و لە هندستانەوە چووبوونە نیپاڵ.
سەرچاوە نێوخۆییەکان بە رۆیتەرزیان گوتووە، ژمارەیەک تەرم دۆزراونەتەوە بەهۆی شێواوی رووخسار و جەستەیانەوە ناناسرێنەوە، دوای پشکنینی DNA و ناسینەوەیان، بە خاک دەسپێردرێن.
حکومەتی نیپاڵ داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی دەکات بۆ هەڵمەتی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووەکان و بونیادنانەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان.
وەزارەتی دارایی نیپاڵ دەڵێت، بۆ بونیادنانەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان، پێویستیان بە نزیکەی چوار بۆ پێنج ملیار دۆلارە.
لافاوەکە رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026 روویدا. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا تیمەکان بەدوای بێسەروشوێنبووەکاندا دەگەڕێن، بەڵام دوێنێ بەهۆی باران و تەمومژەوە، هەڵمەتی رزگارکردن و گەڕان راگیرا، ئەمڕۆ هەڵمەتەکە بەچڕی دەستی پێکردەوە.
لافاوەکەی نیپاڵ بەهۆی رنوی بەفری چیای هیمالایا و هاتنەخوارەوەی بۆ نێو رووباری تریشولی دروستبووە، کە هاوشێوەی لافاوی سونامی خانوو و باڵەخانەکانی ناوچەکانی سنووری نێوان نیپاڵ و هەرێمی تیبی راماڵی.



.webp&w=3840&q=75)