رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە، پرۆسەی رزگارکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوە کارەساتبارەکەی سنووری نێوان نیپال و چین گیریان خواردووە، پێی نایە رۆژی چوارەمەوە. دەسەڵاتداران هێشتا خەڵک بە زیندوویی دەدۆزنەوە و دەیانگوازنەوە بۆ شوێنی سەلامەت.
لە ناوەندەکانی فریاگوزاریدا، لە کاتێکدا هەندێک لە رزگاربووان دەگەیشتن، خێزانەکان بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی هەواڵی کەسوکاریان دەکرد، چونکە ئاماری قوربانییان و بێسەروشوێنان بەردەوام روو لە زیادبوونە.
بەپێی نوێترین ئامارەکان کە رۆژی شەممە بڵاوکراونەتەوە، کۆی ژمارەی گیانلەدەستدان لە نیپال و هەرێمی تیبت لە چین گەیشتووەتە 676 کەس و نزیکەی 3 هەزار کەسیش بێسەروشوێنن.
دەسەڵاتدارانی چین گیانلەدەستدانی 7 کەس و بێسەروشوێنبوونی زیاتر لە 550 کەسیان راگەیاندووە.
لە بەرامبەردا، ئاژانسی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی نیپال ئاماری قوربانییانی بۆ 669 گیانلەدەستدان و 2 هەزار و 426 بێسەروشوێن بەرزکردەوە.
تاوەکو ئێستا لە نیپال زیاتر لە 3 هەزار و 700 کەس رزگارکراون.
لە ناوچەی (نوواکۆت)ـی نیپال کە بەهۆی لافاوەکەوە وێران بووە، هێلیکۆپتەرەکان جلوبەرگ، خواردنی خێرا، کێک و برنجیان گەیاندە ناوچەکە، لە کاتێکدا هێلیکۆپتەرەکانی دیکە رزگاربووانیان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانەوە دەگواستنەوە.



