رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیاکانی سۆنی میوزیک و وارنەر میوزیک لە دادگەیەکی فیدراڵی لە باکووری کالیفۆرنیا سکاڵایەکی یاساییان لە دژی کۆمپانیای ئەنسرۆپیکی تایبەت بە ژیریی دەستکرد تۆمارکرد و تۆمەتباریان کرد بە ئەنجامدانی "یەکێک لە گەورەترین و بێشەرمانەترین دزییەکانی مافی خاوەندارێتیی هزری لە مێژوودا."
سکاڵاکە کە لە 48 لاپەڕە پێکهاتووە، وەک دەستپێکی شەڕێکی یاسایی دادەنرێت کە پێشبینی دەکرێت چەندین ساڵ بخایەنێت لەبارەی مۆسیقا، ژیریی دەستکرد و شێوازی پاراستنی مافی خاوەندارێتیی هزری لە سەردەمێکی نوێی تەکنەلۆژیادا.
سکاڵاکە لەلایەن کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی مۆسیقای سەر بە سۆنی و وارنەرەوە بەرزکراوەتەوە و هەریەک لە کۆمپانیای ئەنسرۆپیک، داریۆ ئامۆدێی، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و بنیامین مان، هاودامەزرێنەری کۆمپانیاکە وەک تۆمەتبار ناویان هاتووە.
لە سکاڵاکەدا هاتووە کە تۆمەتباران هەڵمەتێکی ئاشکرایان ئەنجامداوە بۆ داگرتنی نایاسایی بەرهەمە مۆسیقییە پارێزراوەکان لە رێگەی تۆڕێنت (Torrent) بە قەبارەیەکی زۆر گەورە، بە مەبەستی بەدەستهێنانی قازانجی زەبەلاح لە زنجیرە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکردی ناسراو بە "کڵاود".
کۆمپانیاکان، ئەنسرۆپیک بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بە شێوەیەکی نایاسایی و لە رێگەی بەکارهێنانی دەیان هەزار بەرهەمی مۆسیقیی خاوەن مافی لەبەرگرتنەوەوە، دەستیکردووە بە مەشقپێکردنی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکردی خۆی.
کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی مۆسیقا داوای قەرەبووی دارایی دەکەن کە بۆ هەر بەرهەمێکی پێشێلکراو دەگاتە 150 هەزار دۆلار، جگە لە 25 هەزار دۆلاری دیکە بۆ هەر حاڵەتێکی سڕینەوەی زانیارییەکانی مافی لەبەرگرتنەوە. بە گشتی، بڕی قەرەبووە داواکراوەکان رەنگە بگاتە چەندین ملیار دۆلار.
ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەنسرۆپیک رووبەڕووی تۆمەتی بەکارهێنانی نایاسایی بەرهەمەکان دەبێتەوە بۆ مەشقپێکردنی مۆدێلەکانی. لە ئەیلوولی 2025، کۆمپانیاکە لەگەڵ ژمارەیەک نووسەر رێککەوت بە پێدانی 1.5 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو لە دۆسیەیەکی پەیوەندیدار بە بەکارهێنانی کەرەستەی پارێزراو، کە بە گەورەترین رێککەوتنی لەو شێوەیە لە مێژووی ئەمریکادا دادەنرێت.
کۆمپانیاکە هەروەها پێشتریش رووبەڕووی چەندین سکاڵای یاسایی دیکە لەلایەن گرووپە مۆسیقییەکانەوە بووەتەوە، لەوانەش گرووپی یۆنیڤێرساڵ میوزیک و کۆنکۆرد.


.avif&w=3840&q=75)
