رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندیی نیشاندا لەسەر گرێبەستێکی بازرگانیی سەربازی لەگەڵ عێراق، کە دوو جۆر هێلیکۆپتەری "بێڵ" و کەلوپەلی سەربازیی دیکە لەخۆدەگرێت، کە بەهای سەرجەمیان بە نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە بە کاتی ئەمریکا، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بە کاتی هەولێر، ئاژانسی هاوکاریی ئاسایشی بەرگریی ئەمریکا (DSCA) کۆنگرێسی لەو بڕیارە ئاگادارکردەوە. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە رێکارە ستانداردەکانی فرۆشتنی چەک دادەنرێت و دوای رەزامەندیی وەزارەتی دەرەوە دێت، بەڵام هێشتا گرێبەستی کۆتایی واژۆ نەکراوە و کۆنگرێس ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستەکە.
هێلیکۆپتەرەکان کامانەن؟
گرێبەستەکە دوو جۆری سەرەکی لە هێلیکۆپتەرەکانی کۆمپانیای بێڵ تێکسترۆن لەخۆدەگرێت:
1. Bell 412EPX: هێلیکۆپتەرێکی دوو بزوێنەری قەبارە مامناوەندە و بۆ مەبەستی گواستنەوەی سەربازی، گەڕان و رزگارکردن و پشتیوانیی لۆجستی بەکاردێت.
هێلیکۆپتەری جۆری Bell 412EPX لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرێکدا لە سریلانکا
2. Bell 407M: جۆرێکی چەکدارکراوی هێلیکۆپتەری بێڵە و بۆ هێرشی بچووک و ئەرکە تایبەتەکان بەکاردێت. ئەم جۆرە دەتوانێت مووشەکی زیرەک و پێشەکەوتوو هەڵگرێت و ئاراستەی ئامانجەکانی بکات.
هێلیکۆپتەری جۆری Bell 407M
ئەم هەنگاوەی بەغدا لە چوارچێوەی پلانی نوێکردنەوەی هێزی ئاسمانیی سوپای عێراق و کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە هێلیکۆپتەرە رووسییەکانی وەک Mi-17 و Mi-28، کە بەهۆی سزاکان و کێشەی دابینکردنی پارچەی یەدەگەوە، عێراق رووی لە جۆرە رۆژئاواییەکانی وەک بێڵ و ئێیەر پاس کردووە.
کات و رەهەندی ستراتیژی
ئەم بڕیارەی ئەمریکا لە کاتێکی هەستیاردا دێت؛ تەنیا مانگێک پێش کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلوولی 2026 کۆتایی پێبێت. عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکومەت جەختیان کردووەتەوە کە رۆژی 1ی تشرینی یەکەم، دەستپێکی "قۆناخێکی نوێ" دەبێت لە سەروەریی تەواوی عێراق.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئەم گۆڕانکارییە بە واتای بچڕانی پەیوەندییەکان نییە، بەڵکو گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانییە بۆ پەیوەندییەکی ئەمنیی دووقۆڵی لەنێوان بەغدا و واشنتن. دابینکردنی ئەم هێلیکۆپتەرانە نیشانەی ئەوەیە کە هاوکارییە ئەمنییەکان، بەتایبەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گرووپە پەڕگیرەکان، پاراستنی سنوور و ژێرخانەکان، لە رێگەی فرۆشتنی چەک و مەشق و راهێنانەوە بەردەوام دەبن.
ئەم هێلیکۆپتەرانە توانای فەرماندەیی فڕۆکەوانیی سوپای عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربەخۆ و وەڵامدانەوەی خێرا زیاد دەکەن.
کۆمپانیای بێڵ تێکسترۆن بەڵێندەری سەرەکیی ئەم گرێبەستەیە و جگە لە هێلیکۆپتەر، سیستمی هەستەوەر، چەک، مەشق و راهێنان و پشتیوانیی تەکنیکی بۆ عێراق دابین دەکات. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە عێراق پێشتر چەندین جۆری دیکەی هێلیکۆپتەرەکانی بێڵی لە ئەمریکا کڕیبوو و راهێنانی لەسەر کردوون.


