رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رۆژی دووشەممە پشتڕاستکردەوە کە دان دریسکۆڵ، وەزیری سوپای ئەمریکا، دوای چەند مانگێک لە گرژی لەگەڵ پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری، دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش کردووە.
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "وەزیر دریسکۆڵ توانایەکی زۆری لە بەهێزکردنی بەرنامەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ نیشانداوە و لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە مێژووییەکاندا سەرکردایەتییەکی ناوازەی هەبووە."
کۆشکی سپی دەشڵێت: "سوپای ئەمریکا ئێستا لە هەموو کاتێک بەهێزترە، ئەوەش بەهۆی کارکردنی دریسکۆل لەگەڵ فەرماندەی گشتی و وەزیری بەرگری." لە ئەگەری پەسندکردنی، ئەمە نوێترین دەستلەکارکێشانەوەی فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئەمریکا دەبێت لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا.
درێسکۆڵ کە پێشتر لە کۆلێژی یاسا هاوپۆلی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە، سوودی لەو هاوڕێیەتییەی نێو ئیدارەکە بینیوە، بەڵام لەگەڵ هێگسەس تووشی ناکۆکی بووە.
جاک رید، گەورە ئەندامی دیموکراتەکان لە لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیران، وەزیری بەرگری بە بەرپرسیار لەم دەستلەکارکێشانەوەیە زانی و گوتی: "پێشوازی لە دەستلەکارکێشانەوەی وەزیر دریسکۆڵ ناکەم... دەبوو سەرۆک ترەمپ لەمێژە درکی بەو زیانە بەردەوامە بکردایە کە پیت هێگسەس بە وەزارەتی بەرگری دەگەیێنێت."
درێسکۆڵ سەربازێکی پێشووی سوپا بووە و لە عێراق خزمەتی سوپای وڵاتەکەی کردووە. لە ساڵی 2020 بەشداری هەڵبژاردنی کۆنگرێسی کرد بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دواتر وەک راوێژکاری هەڵمەتی هەڵبژاردنەوەی ترەمپ لە ساڵی 2024 کاری کردووە.
لە کاتێکدا جەنگی ئێران پێی ناوەتە حەوتەم مانگیەوە، ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی سوپا بێ سەرکردایەتییەکی بەردەوام بمێنێتەوە. هێگسەس لە مانگی نیسان جەنەڕال راندی جۆرج، سەرۆک ئەرکانی سوپای لە پۆستەکەی دوورخستەوە و تاوەکو ئێستا کەسێکی وەک جێگرەوە بۆ ئەو پۆستە دیاری نەکردووە.


