رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی بۆردوومانکردنی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە باشووری وڵاتەکەی لەلایەن واشنتنەوە، بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن و "زیانی گەورەی گیانی و مادیی" لێکەوتووەتەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، 02-09-2026، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزی ئاسمانیی سوپاکەیان لە دووەم شەپۆلی ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەدا بە ناوی "یا رسول الله"، بە زنجیرەیەک مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا ناسراو بە "کەمپی تایتن" لە کەناراوەکانی کەنداوی عەقەبە لە وڵاتی ئوردن.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، لەو هێرشە مووشەکییەدا "ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئەمریکا کوژراون و چەندین دامەزراوەی گرنگی بنکەکە و هێلیکۆپتەری هێرشبەری ئەمریکیش تێکشکێندراون."
سوپای پاسداران هۆکاری ئەم هێرشەی بۆ تۆڵەکردنەوەی بۆردوومانەکەی ئەمریکا بۆ سەر شاری سیریک گەڕاندەوە و رایگەیاند، "سوپای ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر ماڵێکی هاووڵاتییان لە سیریک کە ئاهەنگی هاوسەرگیریی دوو گەنجی تێدا بەڕێوەدەچوو، نزیکەی 50 هاووڵاتیی شەهید و بریندار کرد کە منداڵێکیشیان لەنێودایە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە کە ئۆپەراسیۆن و هێرشە تۆڵەسێنەرەکانی هێزەکانیان لە دژی ئەمریکا بەردەوام دەبن.
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران رۆژی سێشەممە دەستیانپێکردەوە؛ واشنتن دەڵێ، ئەمە وەڵامێک بووە بۆ هەوڵە نوێیەکانی تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە سیریک لە پارێزگای هورمزگان، 4 کەس کوژران و 50 کەسیش بریندار بوون.

.jpg&w=3840&q=75)
