رووداو دیجیتاڵ
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکن)ـی ئەمریکی کە بەهۆی خراپیی رەوشی نێوی دوای چەندین مانگ مانەوەی لە دەریا بووەتە چەقی مشتومڕێکی سیاسی، رۆژی چوارشەممە گەیشتە کەناراوەکانی تایلاند.
کەشتییە زەبەلاحەکە کە بە وزەی ناوەکی کاردەکات، بەر لە چوونی بۆ بەندەری لام چابانگ لە نزیک پاتایا لە باشووری بانگکۆک بینرا، کە ئەمە یەکەمین دابەزینە بۆ سەر وشکانی بۆ 5,000 سەرنشینەکەی لە مانگی تشرینی دووەمەوە.
کەشتیی لینکن لە مانگی تشرینی دووەمی 2025 بۆ ئەرکێک لە دەریای باشووری چین، کالیفۆرنیای جێهێشت، بەڵام پێش هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە شەش مانگ لەمەوپێش دەستیپێکرد، ئاراستەکەی بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕدرا.
راپۆرتەکان سەبارەت بە تێکچوونی بارودۆخی ژیان و خراپیی تەندروستیی دەروونیی تیمەکانی نێو کەشتییەکە - لەنێویاندا هەوڵی خۆکوشتن - بوونەتە سەردێڕی رۆژنامەکانی ئەمریکا، ئەمەش رەخنەی زۆری لێکەوتووەتەوە سەبارەت بە جەنگەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی ئێران.
شاری گەشتیاریی پاتایا، کە لە سەردەمی جەنگی ڤێتنامەوە شوێنی پشوو و کات بەسەربردنی هێزەکانی ئەمریکایە، رێوشوێنە ئەمنییەکانی تووندتر کردووە لە کاتێکدا ئامادەکاری دەکات بۆ پێشوازیکردن لە دەریاوانان و هێزەکانی مارێنز.
شارەکە لەلایەن گەشتیارانی بیانییەوە زۆر خوازراوە، کە بە کەناراوەکان و ژیانی شەوانەی ناسراوە.
پۆراماسێ نگامپیچێس، سەرۆکی شارەوانیی پاتایا رایگەیاند، لەم دواییانەدا هەڵمەتێک بۆ سەر لەشفرۆشان کراوە، بەڵام رەتیکردەوە پەیوەندی بە گەیشتنی هێزەکانی ئەمریکاوە هەبێت.
لە دەرەوەی یەکێک لە باڕەکان تابلۆیەک هەڵواسرابوو کە لەسەری نووسرابوو: "بەخێربێن هەموو کارمەندانی سەربازیی ئەمریکا. سوپاس بۆ خزمەتەکەتان".
سەرۆکی شارەوانییەکە گوتی، پاس دابینکراوە بۆ گواستنەوەی دەریاوانەکان لە کەشتییەکەوە بۆ پاتایا و بەپێچەوانەشەوە، تاوەکو ئەو کاتەی کەشتییەکە رۆژی یەکشەممە دەڕوات.
پۆراماسێ لەم هەفتەیەدا لە پۆستێکی فەیسبووکدا رایگەیاند: "ئەوان بۆ پشوودان دێن." هەروەها نووسیویەتی: "ئامادەکارییەکانمان تیشک دەخەنە سەر سەلامەتی و دەستەبەرکردنی نرخی دادپەروەرانە."
ئاماژەی بەوەش کرد، دەریاوانەکان لە یارییە ئاوییەکانی وەک جێت سکی [لێخوڕینی بەلەمی خێرا] و سوودوەرگرتن لە یاسا شلەکانی تایلاند بۆ بەکارهێنانی ماریوانا (حەشیش) قەدەخە کراون.


