رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەک پاداشت بۆ هەر کەسێک تەرخان دەکات کە زانیاری لەسەر ئەمیر یاریاب، فەرماندەیەکی باڵای ئەلیکترۆنیی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرا بکات. واشنتن ئەو فەرماندەیە بە سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنە ئەلیکترۆنییەکان بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات.
بەپێی راگەیێندراوەکەی بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری، سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئەمیر یاریاب، سەرکردایەتیی "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سایبەرییەکانی سوپای پاسداران - فەرماندەیی ئەلیکترۆنیی سایبەری" دەکات.
وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە، یاریاب لە رێگەی پۆستەکەیەوە ئاراستەی گرووپە سایبەرییە "شەڕانگێزەکان" دەکات، وەک گرووپەکانی (شەهید هیمەت) و (شەهید شووشتەری)، بە مەبەستی بەئامانجگرتنی ژێرخانە هەستیارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری داوا لە هاووڵاتییان دەکات هەر زانیارییەکیان لەسەر ئەمیر یاریاب یان هەر کەس و لایەنێکی پەیوەندیدار بە چالاکییەکانیان هەبێت، بە شێوەیەکی نهێنی بۆیان بنێرن.
ئەمریکا بەڵێنی داوە کە جگە لە خەڵاتە داراییەکە کە دەگاتە 10 ملیۆن دۆلار، ئامادەیە "پاراستن و گواستنەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت" بۆ ئەو کەسانە و خێزانەکانیان دابین بکات کە زانیارییەکان دەدەن.
ئەم هەنگاوەی واشنتن لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئیدارەی ئەمریکادایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ژێرخانە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی لە هێرشی هاککەرەکان.

.jpg&w=3840&q=75)