رووداو دیجیتاڵ
لە هەنگاوێکی مێژوویی و کتوپڕدا کە وەک گورزێکی بەهێز بۆ سیستەمی بەرگریی بەریتانیا دەبینرێت، فەرمان بە سوپای ئەو وڵاتە درا مەشقە سەربازییە بەکۆمەڵەکانی رابگرێت. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رووبەڕووی کورتهێنانی نەختینە بووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی (زە سەن)ـی بەریتانی کە رۆژی پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026 بڵاوکراونەتەوە و پشتی بە بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکەی بەستووە، فەرمانێکی گشتگیر بۆ هەموو یەکەکانی سوپا دەرچووە کە مەشقی بەکۆمەڵ رابگرن، مەگەر ئەو یەکانەی کە بڕیارە بەمزووانە بۆ ئەرکێکی دیاریکراو جێگیر بکرێن.
بەپێی ئەم بڕیارە، هەموو ئەو مەشقانەی زیاتر لە 90 سەرباز تێیدا بەشدارن، راگیراون.
ئەم بڕیارە هەڵوەشاندنەوەی مەشقێکی جەنگیی شەش هەفتەیی گرتەوە کە بڕیار بوو هەفتەی داهاتوو لە وێڵز بە بەشداریی تانکی چاڵنجەر 2 و هەلیکۆپتەری هێرشبەری ئاپاچی دەستپێبکات.
سەرچاوەیەکی سەربازیی بەریتانی دەڵێت: "ئێستا فەرماندەکان خاوەنی 600 سەربازن کە هیچ کارێکیان نییە ئەنجامی بدەن."
کاردانەوەی تووند؛ "ئەمە شەرمەزارییە"
جەنەراڵ سێر پاتریک ساندەرز، فەرماندەی پێشووی سوپای بەریتانیا ئەم هەنگاوەی بە کارێکی "بێمانا و کورتبینانە" وەسف کرد.
هاوکات جەستن ماچیێڤسکی، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی نیشتمانیی سوپای بەریتانیا رایگەیاند: "ئەمە شەرمەزارییە. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە شتی وا لە مێژووی سوپادا رووی نەداوە. لە کاتێکدا رووبەڕووی هەڕەشەی گەورە دەبینەوە، ئەمە وەک پشتگوێخستنی ئەرکی نیشتمانی دەردەکەوێت."
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا هەڕەشەی ناڕاستەوخۆی لە بەریتانیا کرد. کاتێک لێی پرسرا ئایا رووسیا هێرش دەکاتە سەر شوێنە هەستیارەکانی بەریتانیا؟ لە وەڵامدا گوتی: "ئەوە نهێنییە، نهێنییەکی سەربازییە."
هەرچەندە هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانیی بەریتانیاش داوایان لێکراوە خەرجییەکانیان کەم بکەنەوە، بەڵام کاریگەرییەکە لەسەر سوپای وشکانی زۆر زیاترە.
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات، سوپا لەسەر بنەمای وانەکانی جەنگی ئۆکراینا "پێشینەیی بە مەشقەکان دەدات" و مەشقی گرووپە بچووکەکان و کارکردن لەسەر درۆنەکان بەردەوام دەبن.
تەنگژەی سیاسی و بودجە
ئەم قەیرانە داراییە لە کاتێکدایە کە ئەندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تاوەکو ئێستا کاتی دیاریکراوی بۆ بەرزکردنەوەی بودجەی بەرگری بۆ 3٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی رانەگەیاندووە. جۆن هیڵی، وەزیری دارایی کە پێشتر وەزیری بەرگری بوو، بەهۆی جێگیرنەکردنی ئەم پلانەوە دەستی لەکار کێشابووەوە.
پێشتر پارتە دەسەڵاتدارەکان بەڵێنی دوو ملیار پاوەندی زیادەیان بۆ مەشقەکان دابوو، بەڵام ئەم پارەیە تاوەکو ساڵی داهاتوو ناگاتە دەست سوپا. زۆرترین بڕینی بودجەی لەم شێوەیە تەنیا لە کاتی قەیرانی سووتەمەنی ساڵانی حەفتاکاندا بینراوە، کاتێک داوا لە سوپا کرا بەکارهێنانی بەنزین 10٪ کەم بکەنەوە.
.jpg&w=3840&q=75)
