رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئادەم تێلی وەک وەزیریی نوێی سوپای ئەمریکا بە وەکالەت دەستبەکار دەبێت. ئەم بڕیارە دوای دەستلەکارکێشانەوەی دان دریسکۆڵ دێت کە بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ سەرکردایەتیی پێنتاگۆن پۆستەکەی بەجێهێشت.
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) بڵاویکردەوە، "خۆشحاڵم رایدەگەیەنم ئادەم تێلی، کە ئێستا یاریدەدەری وەزیری سوپایە بۆ کاروباری مەدەنی، دەبێتە وەزیری سوپای ئەمریکا بە وەکالەت و بڕیارەکەش دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە." ترەمپ لەبارەی تێلییەوە دەڵێ، "ئەو نیشتمانپەروەرێکی گەورەیە و لای هەمووان رێز لێگیراوە."
ئادەم تێلی لە ئابی 2025ـەوە دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاوە، وەک یاریدەدەری وەزیریی سوپا بۆ کاروباری مەدەنی دەستبەکار ببوو. تێلی پێشتر بەشێکی زۆری کاروانی پیشەیی خۆی وەک یاریدەدەر لە کۆنگرێسی ئەمریکا بەسەر بردووە.
دەستلەکارکێشانەوەی دان دریسکۆڵ، نوێترین زنجیرەی بەجێهێشتنی پۆستە باڵاکانی سوپای ئەمریکایە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا. دریسکۆڵ کە هاوپۆلی پێشووی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە لە کۆلێژی یاسا، دەگوترێت بەهۆی هەبوونی ناکۆکی لەگەڵ پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، دەستی لەکار کێشاوەتەوە.


