رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە یەکێتیی ئەورووپا بەشداری لە هەڵمەتی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریی دژی ئێران دەکات و واشنتن بە گەرمی پێشوازی لەم هەڵوێستە گرنگ و خێرایەی ئەورووپییەکان دەکات.
رۆژی هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە ئێکس بڵاوی کردەوە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سوورن لەسەر ئەوەی رێگە بە دەسەڵاتدارانی تاران نەدەن سیستمی دارایی جیهانی بۆ دابینکردنی بودجەی بەرنامەی ئەتۆمی، چەک و گرووپە چەکدارەکانیان لە ناوچەکەدا بەکاربهێنن.
بڕینی دوا هێڵەکانی ژیانی ئابووریی تاران
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا جەختی لەسەر بەردەوامیی گوشارە داراییەکان کردەوە و گوتی: "جیهان پەیامێکی زۆر روون و رۆشن ئاراستەی رژێمی ئێران دەکات کە ئێمە ناوەستین تاوەکو تەواوی ئەو هێڵە داراییانەی بۆ وڵاتەکە ماونەتەوە بە تەواوی دەیانبڕین."
بێسێنت دەستخۆشی لە بڕیارەکەی یەکێتیی ئەورووپا کرد تاوەکو شانبەشانی ئەمریکا رێگری لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە سیستمی بانکی و ئابووریی نێودەوڵەتی بکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی تووندکردنەوەی جەنگی ئابووریی واشنتن دژی ئێران.
(ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری) لە 24ـی ئابی 2026ـدا لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە وەک قۆناخێکی نوێی جەنگ دژی ئێران راگەیێندرا، کە ئامانجی سەپاندنی سزای هەفتانەیە بەسەر کەرتی بانکی، هەناردەی نەوت، زێڕ، تەکنەلۆژیا و گواستنەوەی ئاسمانی و دەریایی ئێراندا.
دوای ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا هۆشداریی دابووە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی کە یان دەبێت لەگەڵ واشنتن بن یان سزای ناڕاستەوخۆیان بەسەردا دەسەپێندرێت، یەکێتیی ئەورووپا بە فەرمی بڕیاری دا بەشداری لەم ئۆپەراسیۆنە ئابوورییەدا بکات تاوەکو رێگە لە گەشەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بگرێت.



