رووداو دیجیتاڵ
ئەلێکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێ، "گفتوگۆی تەکنیکی" لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا تایبەت بە کۆچبەران بەردەوامە. ئەو وەزیرە لەگەڵ هاوتا دانیمارکی، یۆنانی، نەمسایی و هۆڵەندییەجیهکانی کۆبووەوە بۆ قسەکردن لەبارەی دروستکردن و بڕیاری ناردنی کۆچبەر و پەناخوازان بۆ دەرەوەی یەکێتییەکە.
ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا ئامانجیانە تاوەکو کۆتایی ساڵ کارەکانی ئەو ناوەندانەی پێیان دەگوترێ "ناوەندەکانی گەڕاندنەوە" تەواو بکەن، کە ئەمانە سەنتەری هیشتنەوەی کۆچبەر و پەناخوازانن لە دەرەوەی یەکێتییەکە و دەیانەوێ ئەو پەناخوازانەی داواکاریی پەنابەرییان لەنێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە رەتکراوەتەوە، بنێیرنە ئەوێ.
پەرلەمانی ئەورووپا مانگی حوزەیران یاسایەکی کۆچبەری پەسند کرد کە رێگەی خۆشکرد بۆ دروستکردنی "ناوەندەکانی گەڕاندنەوە" لە دەرەوەی یەکێتییەکە.
رۆژی هەینی، 4ی ئەیلوولی 2026، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا دانیمارکی، یۆنانی، نەمسایی و هۆڵەندییەکان لە کۆپنهاگن گوتی: "دەمانەوێ ئەم ساڵ بگەینە رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی سێیەم، کە دواتر ئەمە رێگە دەدات بە دروستکردنی ئەو ناوەندانەی پێیان دەگوترێ ناوەندەکانی گەڕاندنەوە".
وەزیرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا "گفتوگۆی تەکنیکی" لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامە، بەڵام ناوی هیچ وڵاتێکی نەهێنا.
ئەو پێنج وڵاتەی یەکێتیی ئەورووپا کە وەزیرەکانیان بەشداریی کۆبوونەوەکەی کۆپنهاگنیان کرد، بەدوای رێککەوتندا دەگەڕێن لەگەڵ وڵاتێکی دەرەوەی یەکێتییەکە بۆ دروستکردنی "ناوەندەکانی گەڕاندنەوە." ئۆگاندا و رواندا بە تایبەتی وەک بژاردە دەبینرێن.
مۆرتن بۆدسکۆڤ، وەزیری کۆچی دانیمارک گوتی: "چاوەڕێ دەکەین بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ وڵاتێکی هاوبەشی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا."
وەزیرانی کۆچی یۆنان و هاوتا دانیمارکییەکەی هیوایان خواست کە "ناوەندەکانی گەڕاندنەوە" تاوەکو ساڵی 2027 دروستبکرین.
هەوڵەکانی ئەو وڵاتانە لە کاتێکدان بە گوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ، ئەم ساڵ تاوەکو 31ی ئاب، 65 هەزار و 278 پەناخواز چوونەتە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا، هەمان ماوەی پار 100 هەزار کۆچبەر چووبوون.


.jpg&w=3840&q=75)
