رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا باس لەوەدەکەن کە ئێران لە رووی سەربازییەوە "بوێرتر" بووە و "بەهێزتر" لە جاران هێرش دەکاتە سەر ئامانجەکان و سووریشە لەسەر درێژەدان بە جەنگ لەگەڵ واشنتن بۆ چەندین مانگی دیکە تاوەکو زیانی سیاسی بە دۆناڵد ترەمپ بگەێنێت، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی نیوەی وەرزی کۆنگرێس.
رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییە نهێنییەکانی واشنتن بڵاوی کردەوە، تاران دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ لە جەنگ، تێگەیشتنێکی زۆر باشتر و فراوانتری بۆ توانای سەربازیی خۆی پەیدا کردووە و هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئامادەیی ئێران تاوەکو رێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بکات.
لە چەند رۆژ و هەفتەی رابردوودا ئێران کەشتییەکانی لە تەنگەی هورموز و هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج. لە بەرامبەردا هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە نێو خاکی ئێران کە بووەتەهۆی کوژرانی ژمارەیەک سەرباز و هاووڵاتی.
ئەگەرچی ئاڵوگۆڕی هێرشەکان لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا سنووردار بوون، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان لە راپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاشکرایان کردووە کە تاران بیر لە ئاڵۆزکردن و تووندکردنەوەی زیاتری دۆخەکە دەکاتەوە.
بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەستپێکردنەوەی دانوستاندن بۆ کۆتاییهێنانی تەواوەتی بە جەنگەکە زۆر زەحمەت بووە. هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئێران ئامادەی رێککەوتن بێت.
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ ئێستا هەوڵی دانوستاندن نادات و بڕوای وایە سەپاندنی سزای ئابووریی تووند دەبێتەهۆی پاشەکشەی تاران لە سێبەری کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورموز و بەرنامە ئەتۆمییەکەی. بەڵام هەواڵگریی ئەمریکا هۆشداری دەدات کە ئەم سزایانە لە کورتمەودا دەبنەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزیی زیاتر.
گرەوکردنی تاران لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و جەنگی ئابووری
بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا دەڵێن، ئێران باوەڕی وایە هەڵگیرسانی جەنگ و گرانبوونی نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە زیانی سیاسیی زۆر گەورە بە دۆناڵد ترەمپ و پارتی کۆمارییەکان دەگەیەنێت لە هەڵبژاردنی نیوەی وەرزی کۆنگرێس کە رۆژی سێشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوە دەچێت.
جۆش گۆتهایمەر، ئەندامی دیموکراتەکان لە لیژنەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ: "ئێرانییەکان پێیان وایە لەوپەڕی ئاستی گوشار و کارتەکاندان، بۆیە لە روانگەی ئەوانەوە بۆچی لە گوشارکردن لەسەر سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام نەبن؟ چونکە حکومەتی ئێران باکی بە ئازاری گەلەکەی نییە، توانیویەتی لەبەرامبەر سزای تووند و بۆردوومانی سەربازیدا خۆی راگرێ."
هەڕەشەی هێرشی سایبەری
بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، ئێران رەنگە لە هەفتەکانی داهاتوودا هەمان پلانی هێرشەکانی مانگی تەممووز دووبارە بکاتەوە، لەوانەش بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لێدان لە ژێرخانی وڵاتانی کەنداو و بەکارهێنانی هێرشی ئەلیکترۆنی.
لێکۆڵەران پێیان وایە هاککەرە ئێرانییەکان بەرپرسن لە هێرشی سایبەری سەر 100 تۆڕی ئاو لە سەرانسەری ئەمریکادا لە کۆتایی تەممووز؛ هاوکات هاککەرەکان ئامادەن بۆ لێدان لە ژێرخانی نەوت و گازی ئەمریکا و لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و ئینستاگرامیشەوە بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد ناڕەزایەتی دژی کۆمارییەکان بڵاودەکەنەوە.
لە کۆتایی مانگی تەممووزی 2026دا زیاتر لە 30 تۆڕی ئاو لە مینیسۆتا و دواتر لە لانیکەم حەوت ویلایەتی دیکەی ئەمریکا کرانە ئامانجی هێرشە سایبەرییەکانی تۆڕە هاککەرەکانی ئێران.
کەمبوونەوەی چەکی ئەمریکا
جەیسن کرۆ، ئەندامی لیژنەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە سەرکردایەتیی ئێران دوای کۆچی دوایی رێبەری پێشوو هەنگاوی بەرەو یەکگرتوویی زیاتر ناوە و ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆیی بێدەنگ کراوە.
کرۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی وەک گەورەترین کارتی گوشار بەکارهێناوە و دەزانێت بەهۆی دابەزینی زۆری کۆگاکانی مووشەک و تەقەمەنییەکانی ئەمریکاوە، واشنتن تووشی ئاستەنگی گەورە بووە لە ئەنجامدانی هێرشی نوێی بەرفراواندا.
جەنگی سەربازیی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 28ی شوباتی 2026دا هەڵگیرسا کاتێک واشنتن بەڵێنی سەرکەوتنێکی خێرا و ئاسانی دا.
دوای شەش مانگ لە جەنگ و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لەسەر تەنگەی هورمز، تاران رەتی دەکاتەوە مەرجەکانی واشنتن قبووڵ بکات.



