رووداو دیجیتاڵ
فێڵکردن لە گەشتیاران شتێکی نوێ نییە، بەڵام ئەوەی نوێیە ئەوەیە کە ئێستا زۆر قورسە بزانیت ئەوەی بەرامبەرت فێڵبازە یان نا. بەهۆی ژیریی دەستکردەوە، فێڵبازەکان دەتوانن ماڵپەڕ و نامەی وا دروست بکەن کە بەتەواوی لە هی کۆمپانیا راستەقینەکان دەچن.
بە گوێرەی ماڵپەڕی یاهوو نیووز، راپرسییەکی جیهانی دەریخستووە کە رێژەیەکی بەرچاوی گەشتیاران رووبەڕووی ساختەکاری بوونەتەوە. هۆکارەکەشی زۆرجار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵک دەیانەوێت بلیتێکی هەرزان بکڕن و پەلە دەکەن بێ ئەوەی لە سەرچاوەکە دڵنیا ببنەوە.
5 باوترین فێڵی گەشتیاری و شێوازی خۆپاراستن لێیان:
1. ژمارە تەلەفۆنی ساختەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و هوتێل
کاتێک گەشتەکەت دوادەکەوێت، یەکسەر لە گووگڵ بەدوای ژمارەی کۆمپانیای فڕۆکەوانییەکەدا دەگەڕێیت. فێڵبازەکان پارە بە گووگڵ دەدەن بۆ ئەوەی ژمارە ساختەکانیان لە ریزبەندیی یەکەمدا دەربکەوێت. کاتێک تەلەفۆن دەکەیت، پێتوايه قسە لەگەڵ کۆمپانیاکە دەکەیت، بەڵام لە راستیدا لەگەڵ فێڵبازێک قسە دەکەیت و زانیاریی بانکیت لێ وەردەگرێت.
2. ماڵپەڕی ساختەی هوتێل و شوێنی مانەوە
بیهێنە پێش چاو، گەشتێکی دوورت کردووە و دەگەیتە هوتێلەکە، بەڵام پێت دەڵێن: هیچ ناوت لای ئێمە نییە و پارەکەشت بۆ ئێمە نەناردووە! فێڵبازەکان وێنە و زانیاریی هوتێلە راستەقینەکان کۆپی دەکەن و ماڵپەڕێکی ساختەی پێ دروست دەکەن، تەنیا ئەژمارە بانکییەکە هی خۆیانە. ژیریی دەستکردیش یارمەتییان دەدات هیچ هەڵەیەکی رێنووسی نەکەن تا گومانت بۆ دروست نەبێت.
3. فێڵی باڕکۆد (QR Code)
فێڵبازەکان لەزگەیەک بەسەر باڕکۆدە راستەقینەکانی سەر شەقامەکاندا (وەک باڕکۆدی پارەدانی پارکینی ئۆتۆمبێل) دەدەن. کاتێک بە مۆبایلەکەت سکانی دەکەیت، دەتباتە ماڵپەڕێکی ساختە و زانیارییەکانی کارتە بانکییەکەت دەدزێت.
4. دزینی هەژماری خاڵەکانی گەشتکردن
زۆر کەس گرنگی بەو خاڵانە نادەن کە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی پێیان دەبەخشن، بەڵام فێڵبازەکان دەزانن ئەم هەژمارانە جگە لە خاڵ، زانیاریی کەسی، ناونیشان و کارتی بانکیی تێدایە و دەتوانن گەشت بەناوی تۆوە بکەن.
5. شۆفێری تەکسی و کارمەندی هوتێلی ساختە
کاتێک دەچیتە وڵاتێکی نوێ، فێڵبازەکان بە بێئاگایی گەشتیاران دەزانن، بۆیە خۆیان وەک شۆفێری تەکسی، رێبەری گەشتیاری یان تەنانەت کارمەندی هوتێلیش نیشان دەدەن تا پارەت لێ بسەنن.
💡 رێنماییەکی زۆر گرنگ بۆ پارەدان
هەمیشە لە گەشتەکاندا کارتی کرێدت (Credit Card) بەکاربهێنە نەک دێبیت کارت؛ چونکە لە ئەگەری هەر فێڵێکدا، پارەکە راستەوخۆ لە باڵانسی سەرەکیی هەژمارەکەت ناڕوات و دەتوانیت سکاڵا تۆمار بکەیت و بیگەڕێنیتەوە. هەروەها بەکارهێنانی کارتی دیجیتاڵی وەک ئەپڵ پەی یان گووگڵ پەی زۆر پارێزراوترە لەوەی کارتی فیزیکی بدەیتە دەست کەسانی نەناسراو.



