رووداو - هەولێر
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیای راستڕۆی تووندڕۆ رایگەیاند، سەرکەوتنە گەورەکەیان لە هەڵبژاردنی هەرێمی زاکسن-ئەنهالت دەریدەخات، فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا بووەتە "بارێکی گەورە" بەسەر وڵاتەکەوە.
رۆژی دووشەممە 07-09-2026 ئەلیس ڤایدل، هاوسەرۆکی پارتەکە گوتی: "پێشتر هیچ راوێژکارێک هێندەی فریدریش مێرتس نەویستراو نەبووە، کە بووەتە بارێکی گەورە بەسەر گەشەسەندنی ئەڵمانیاوە. هەڵبژاردنەکەی زاکسن-ئەنهالت ئەوەی دەرخست کە خەڵک چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە سیاسەتدا دەکەن."
لە هەڵبژاردنەکەی رۆژی یەکشەممەدا، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەنگەکانی دوو هێندە زیادکرد و 44٪ـی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا پارتی کریستیان دیموکراتی فریدریش مێرتس تەنیا 18٪ـی دەنگەکانی بردەوە. ئولریش زیگمۆند، بەربژێری سەرەکیی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا کە تەمەنی 35 ساڵە، بە خۆشحاڵییەوە رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئێمە مێژوومان دروستکرد."
سەرەڕای ئەم سەرکەوتنە گەورەیە، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا نەیتوانیوە زۆرینەی دەنگ بۆ پێکهێنانی حکومەت بەتەنیا بەدەستبهێنێت.
پارتە سەرەکییەکان پێداگرن لەسەر هێشتنەوەی "دیواری ئاگرین" و رەتکردنەوەی هەر جۆرە هاوپەیمانییەک لەگەڵ ئەو پارتە راستڕۆ تووندڕۆیە.
لەم نێوەندەدا، ئەلیس ڤایدل ئاماژەی بەوە کرد، پێکهێنانی حکومەت بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی (سارا ڤاگنکنێشت)ـی چەپ و نزیک لە رووسیا (کە پێشبینی دەکرێت 5٪ـی دەنگەکان بهێنێت)، "سیناریۆیەکی زۆر سەرنجڕاکێشە".
سڤین شولتز، سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکە لە پارتی کریستیان دیموکرات ئەنجامەکەی بە "گورزێکی تووند" وەسفکرد، بەڵام وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر دەمێنێتەوە تاوەکو حکومەتی نوێ پێکدەهێنرێت.
ئەگەری پێکهێنانی یەکەم حکومەتی هەرێمی لەلایەن راستڕۆ تووندڕۆکانەوە، شۆکێکی گەورەی لە ئەڵمانیا دروستکردووە.
جۆزێف شوستەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوەندیی جووەکان رایگەیاند، "تووشی شۆک بووە". هاوکات هەزاران کەس لە ماگدێبۆرگی پایتەختی هەرێمەکە خۆپێشاندانیان کرد و دروشمی "ژیان بێ نازییەکان باشترە"یان بەرزکردەوە.
لە رووی ئەجێنداوە، ئولریش زیگمۆند بەڵێنی داوە لە یەکەم رۆژەوە دەست بە "هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوە و گەڕاندنەوەی کۆچبەران" بکات، ئاڵای پەلکەزێڕینە لە قوتابخانەکان قەدەخە بکات و گۆڕانکاری لە پرۆگرامی مێژوودا بکات.



