رووداو دیجیتاڵ | تەکنەلۆجیا
چەند ئەندازیارێکی پرۆگرامسازی کە پێشتر لەلایەن بەڕێوەبەرەکانیانەوە بەهۆی ژیریی دەستکرد لە سەر کارەکانیان دەرکرابوون، بڕیاریان دا بە هەمان شێوە تۆڵە لە بەڕێوەبەرەکانیان بکەنەوە و هەمان دەرمانیان دەرخوارد بدەن.
ئەم ئەندازیارانە لە کاردانەوەی دەرکردنیاندا، سیستمێکی نوێی ژیریی دەستکردیان بە ناوی "OpenExecutive" دروستکردووە، کە تایبەتە بە راپەڕاندنی کار و ئەرکەکانی بەڕێوەبەری جێبەجێکار (CEO) و دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیاکان.
چۆن کار دەکات؟
• 8 بەڕێوەبەر لە یەک سیستمدا: ئەم سیستمە لە هەشت بریکار (ئەیجنت)ی ژیریی دەستکرد پێکهاتووە؛ هەر یەکێکیان رۆڵی بەرپرسێکی باڵا دەگێڕێت (وەک: بەڕێوەبەری دارایی، بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان، بەڕێوەبەری پلان و ستراتیجی و تادوایی). هەموو ئەم بەڕێوەبەرە دەستکردانە پێکەوە راوێژ دەکەن و لە کۆتاییدا یەک بڕیار دەردەکەن، کە دەبێتە بڕیاری بەڕێوەبەری جێبەجێکار (CEO).
• فێربوون لە بەڵگەنامەکان: سیستمەکە دەتوانێت هەموو فایل و داتاکانی کۆمپانیا بخوێنێتەوە، بڕیار بدات و لە هەمووشی گرنگتر، بڕیارەکانی پێشووی خۆی بە باشی لەبیر بمێنێتەوە، بە پێچەوانەی هەندێک لە بەڕێوەبەرە مرۆڤەکان کە هەندێک شتیان لە بەرژەوەندیی خۆیان "لەبیر دەچێتەوە"!.
• بە مۆدێلی پێشکەوتوو کار دەکات: ئەم سیستمە پشتی بە مۆدێلی پێشکەوتووی (Claude)ی سەربە کۆمپانیای ئەنترۆپیک بەستووە و بۆ بیرکردنەوە و شیکارییە قووڵەکانیش زیرەکترین مۆدێل بەکاردەهێنێت. سیستمەکە سەرچاوەکراوەیە (Open-source) و هەر کەسێک دەتوانێت تاقیی بکاتەوە.
ئایا بەراستی جێگەی بەڕێوەبەرەکان دەگرێتەوە؟
رەنگە نەتوانێت بە تەواوی شوێنی مرۆڤ بگرێتەوە، بەڵام ئەگەر بەپێی لۆجیکی خودی بەڕێوەبەرەکان بێت کە کارمەندەکانیان دەردەکەن تاوەکو پارە پاشەکەوت بکەن، کەواتە بۆچی رازی نەبن خۆشیان بە ژیریی دەستکرد بگۆڕدرێنەوە؟ چونکە ئەم بەڕێوەبەرە دەستکردە نە داوای بەرزکردنەوەی مووچە دەکات، نە دەچێتە پشوو و نە مانیش دەگرێت.
👤 زوکەربێرگ خەریکی چییە؟
لە کاتێکدا هەندێک لە دەوڵەمەندە گەورەکانی تەکنەلۆژیا وەک مارک زوکەربێرگ خۆیان سەرقاڵی دروستکردنی یاریدەدەرێکی ژیریی دەستکردن تا یارمەتییان بدات لە بەڕێوەبردندا، تەنانەت خەریکە کۆپییەکی دیجیتاڵیی خۆی دروست دەکات تا لە هەموو بەشەکانی کۆمپانیاکەیدا "ئامادە بێت".



