رووداو دیجیتاڵ
لۆرێنس وۆنگ، سەرۆکوەزیرانی سەنگاپوور، بڕیاریدا مووچەی خۆی و ئەندامانی کابینەکەی زیاد بکات، ئەمەش لە کاتێکدابوو، سەنگاپوور بە خاوەنی بەرزترین مووچەی بەرپرسانی سیاسی لە جیهاندا هەژمار دەکرا.
رۆژی سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، لۆرێنس وۆنگ لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، مووچەی ساڵانەی سەرۆکوەزیران بە رێژەی 64% زیاد دەکات، واتە لە 2.2 ملیۆن دۆلاری سینگاپوورییەوە بۆ 3.6 ملیۆن دۆلار (نزیکەی 2.85 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی). هەروەها مووچەی جێگری سەرۆکوەزیران دەبێتە 3.06 ملیۆن دۆلاری سەنگاپووری [2.4 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی] و وەزیرەکانیش بەپێی پلەبەندییەکەیان نێوان 1.8 بۆ 2.8 ملیۆن دۆلاری سەنگاپووری [لە نێوان 1.4 بۆ 2.2 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی] وەردەگرن.
داهاتی تاک و مووچەی وەزیران
سەرۆکوەزیرانی سەنگاپوور دانی بەوەدا نا کە ئەم بابەتە هەستیارە و گوتى، "مووچە سیاسییەکان بابەتێکی قورسن، چونکە ئەو بڕە پارەیەی باس دەکرێت زۆر زیاترە لەوەی زۆربەی هاووڵاتییان بەدەستی دەهێنن." ئەمە لەکاتێکدایە کە داهاتی مانگانەی هاووڵاتییان لە سەنگاپوور لە ساڵی 2025دا، پێنج هەزار و 775 دۆلاری سینگاپووری (نزیکەی 4 هەزار و 500 دۆلاری ئەمریکی) بووە، کە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ مووچەی وەزیرەکاندا هەیە.
بۆ بەراورد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ساڵانە 400 هەزار دۆلار و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا 230 هەزار دۆلار وەردەگرن، ئەمەش سەرۆکوەزیرانی سەنگاپوور بە جیاوازییەکی زۆر دەخاتە سەرووی هەموو سەرکردەکانی جیهان. وۆنگ ئاماژەی بەوەش کرد کە "حکومەتی باش بەندە بە سەرکردایەتیی باش" و ئەم مووچە بەرزانەش بۆ راکێشانی کەسانی بەهرەمەندە بۆ نێو حکومەت.
رێگریکردن لە گەندەڵی
یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێدانی ئەم مووچە بەرزانە، دوورخستنەوەی بەرپرسانە لە گەندەڵی. هەرچەندە سەنگاپوور یەکێکە لەو وڵاتانەی کەمترین گەندەڵی تێدایە، بەڵام ساڵی رابردوو وەزیری پێشووی گواستنەوە بەهۆی وەرگرتنی دیاری و رێگری لە دادپەروەری زیندانی کرا.
لۆرێنس وۆنگ بەڵێنیدا کە تەواوی ئەو بڕە پارەیەی وەک زیادە بۆی دەستەبەر دەبێت، بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ کارە خێرخوازییەکان تەرخان بکات. بڕیارە لە 15ـی تشرینی یەکەمەوە ئەم گۆڕانکارییانە بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
.avif&w=3840&q=75)


