رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ زیادبوونی گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنتن، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دەستی بەسەر ژێردەریاییەکی خۆکاری پێشکەوتووی ئەمریکیدا گرتووە لە دەروازەی تەنگەی هورمز.
رۆژی سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا کە میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکە بڵاویانکردەوە گوتى، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگری و مەیدانیی ئاڵۆزدا، دەستمان بەسەر یەکێک لە مۆدێرنترین ژێردەریا خودکارە ژیرەکانی سوپای ئەمریکادا گرت لە دەروازەی تەنگەی هورمز."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم ژێردەریاییە نوێترین تەکنەلۆژیای ساڵی 2025ـی تێدا بەکارهاتووە. میدیاکانی ئێران رایانگەیاندووە، تواناکانی ئەم ئامێرە بریتین لە "کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و چاودێریکردن، وەرگرتنی نەخشەی ژێر دەریاکان، دۆزینەوەی مین و پشکنینی کێبڵ و بۆرییەکانی گاز و نەوت."
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان واشنتن و تاران لە کۆتایی شوباتی رابردووەوە، ئێران تەنگەی هورمزی گەمارۆ داوە. ئەم رێڕەوە پێشتر پێنجەکی نەوت و گازی شلی جیهانی لێوە دەگوازرایەوە. لە بەرامبەردا، ئەمریکاش گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
تاران پلانی هەیە باج بەسەر ئەو کەشتییانەدا بسەپێنێت کە لە تەنگەیەکەدا تێدەپەڕن، بە بیانووی دابینکردنی خزمەتگوزارییە ژینگەییەکان، بەڵام ئەمریکا بە توندی دژی ئەم هەنگاوەیە و بە نایاسایی ناوی دەبات. سوپای پاسداران رایگەیاندووە کە لە کاژێرەکانی داهاتوودا وێنەی ئەو ژێردەریاییە بڵاودەکاتەوە کە دەستی بەسەردا گرتووە.



.avif&w=3840&q=75)