رووداو دیجیتاڵ
توێژەرانی بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە ئەمریکا بە بەکارهێنانی مۆدێلە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد، لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا کرمێکی ئەلیکترۆنییان دروستکرد کە دەتوانێت بە خێراییەکی زۆر هەژمارەکانی ئەپڵیکەیشنی (ویچات) هاک بکات و دزە بکاتە نێو مۆبایلەکان.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، هێرشە ئەلیکترۆنییەکە کە ناوی (WeWorm)ی لێنراوە، لەلایەن کۆمپانیای ئەمنیی (کالیف) لە شاری پالۆ ئاڵتۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا دروستکراوە. شارەزایان هۆشداری دەدەن، ئەم کرمە دەتوانێ لە ماوەی چەند کاژێرێکدا سەدان ملیۆن ئامێر و مۆبایل لە سەرتاسەری جیهاندا تووش بکات.
کرمی ئەلیکترۆنی یان کرمی کۆمپیوتەری چییە؟
کرمی ئەلیکترۆنی (Computer Worm) جۆرێکە لە نەرمەواڵەی زیانبەخش (سۆفتوێر) کە دەتوانێت بەبێ یارمەتی و دەستوەردانی مرۆڤ، خۆکارانە لە ئامێرێکەوە بۆ ئامێرێکی دیکە بپەڕێتەوە و خۆی بڵاوبکاتەوە.
تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کرمی ئەلیکترۆنی بریتین لە:
بڵاوبوونەوەی خۆکارانە: بۆ بڵاوبوونەوە و کارکردنی، پێویستی بەوە نییە کەسەکە گرتە (کلیک) لەسەر هیچ بەستەرێک یان فایلێک بکات.
قۆستنەوەی کەلێنی ئەمنی: ئەم جۆرە نەرمەواڵە زیانبەخشە کەلێنە ئەمنییەکانی نێو سیستمەکان دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی کۆدەکانی خۆی بەشێوەیەکی خۆکار بەسەر تۆڕەکان یان ئینتەرنێتدا جێگیر بکات.
خێرایی لە تەشەنەکردندا: بەهۆی ئەوەی پشت بە مرۆڤ نابەستێت، دەتوانێت بە خێرایی و ئاسانییەکی زۆر لەنێو تۆڕەکاندا تەشەنە بکات و لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆر ئامێر تووش بکات.
ئەم جۆرە هێرشە پێی دەگوترێت (بێ گرتە لەسەر کردن) بە جۆرێک بەکارهێنەر پێویست ناکات دەست لە هیچ شتێک بدات یان گرتە لەسەر فایل و بەستەرێک بکات. تەنیا لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەلایەن ژمارەیەکی هاککراوەوە، تەنانەت ئەگەر وەڵامیش نەدرێتەوە و تەنیا زەنگ لێبدات، لە ماوەی چەند چرکەیەکدا کۆنترۆڵی هەژمارەکەی دەکرێت و نامە و پەیوەندییەکانی دەدزرێت، پاشان کرمەکە خۆکارانە پەیوەندی بە ناوەکانی نێو مۆبایلەکە دەکات و بە شێوەیەکی خێرا بڵاودەبێتەوە.
تای دوۆنگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کالیف رایگەیاندووە، ئەم کەلێنە ئەمنییە "دەگمەنە" و بۆ هاککەران وەک "خەونێکە کە بێتە دی". ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنیا رەتکردنەوەی دەستبەجێی پەیوەندییەکە لە چەند چرکەی یەکەمدا دەتوانێت رێگری لە دزەکردنەکە بکات.
ڤین نگوین، بەرپرسی پێشووی داتا لە ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا (NSA) رایگەیاندووە، ئەم هێرشە یەکێکە لە مەترسیدارترین هێرشە ئەلیکترۆنییەکان کە تاوەکو ئێستا بینیویەتی، چونکە دەتوانێت لە ماوەی چەند کاژێرێکدا بگاتە سەدان ملیۆن ئامێر لەسەر هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس.
لە بەرامبەردا، گوتەبێژی کۆمپانیای تێنسێنت (Tencent)ـی چینی کە خاوەنی ئەپڵیکەیشنی ویچاتە، کەلێنە ئەمنییەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن کۆمپانیای کالیف، کێشەکەیان چارەسەر کردووە و هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئاسایشی بەکارهێنەران کەوتبێتە مەترسییەوە، هەروەها پێویست بە هیچ نوێکردنەوەیەکی ئەپڵیکەیشنەکە ناکات لەلایەن بەکارهێنەرانەوە.
ئەپڵیکەیشنی ویچات مانگانە زیاتر لە 1.4 ملیار بەکارهێنەری چالاکی هەیە و زۆربەی بەکارهێنەرانی لە وڵاتی چینن. دۆزینەوەی ئەم کەلێنە نیگەرانییەکانی لەبارەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکاندا زیاتر کردووە.
سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆوپن ئەی ئای (OpenAI) کە خاوەنی چات جی پی تییە، لە کۆبوونەوەیەکی وڵاتانی گرووپی 20 لە کارۆلاینای باکوور هۆشداریی دا و گوتی: "رووبەڕووی ئاستەنگییەکی گەورە بووینەتەوە، ئەگەر هەنگاوی بەپەلە نەنرێت، کێشەی زۆر گەورە لە ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا روودەدات."



.jpg&w=3840&q=75)