رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی پاکستان هۆشداری دەدات لەوەی "هیچ گومانێک نییە" کە هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لە سێ ئەندامەکەی هاوپەیمانیی مەککە، وەکو هێرش بۆ سەر هەرسێ وڵات سەیر دەکرێت؛ جەختیش دەکاتەوە کە بەزاندنی سنووری سعودیە لەلایەن حووسییەکانەوە، پەیماننامە سەربازییەکەی نێوان ئیسلامئاباد، ریاز و ئەنقەرە کارا دەکات.
ئەم هۆشدارییەی خواجە ئاسف
دوای چەند رۆژێک دێت لە زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنی حووسییەکان
بۆ سەر چەند شارێک و ژێرخانی وزەی سعودیە، کە بەهۆیەوە لانیکەم 73 کەسی سڤیل بریندار
بوون و ریاز ناچار بوو کارکردنی بەشێک لە دامەزراوەکانی وزەی لە باشووری وڵاتەکەی
رابگرێت.
پەیماننامەی مەککە چۆن دەکەوێتەگەڕ؟
خواجە ئاسف لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەی رایگەیاند، پەیماننامەی بەرگریی هاوبەش کە مانگی رابردوو لە شاری مەککە لە نێوان پاکستان، سعودیە و تورکیا واژۆ کرا روونە؛ گوتیشی، "نابێت هیچ دوودڵییەک هەبێت؛ ئێمە پابەندین بە مەرجەکانی ئەم پەیماننامەیە و بە ویستی خودا ئەگەر پێویست بکات و هێرش بکرێتە سەرمان، جێبەجێی دەکەین."
بە گوتەی وەزیری بەرگریی پاکستان، هەر دەستدرێژییەکی بێپاساو بۆ سەر وڵاتێکی ئەندام یان پەڕینەوەی جەنگی یەمەن بۆ نێو خاکی سعودیە، دەبێتە هۆی خستنەگەڕی بڕگەکانی بەرگریی هاوبەشی نێوانیان، لە کاتێکدا جەختیشی کردەوە کە رێککەوتنەکە تەنیا بەرگرییە نەک هێرشبەری و رێگە بە هیچ کام لە سێ وڵاتەکە نادات بە دەستپێشخەریی خۆیان هێرش بکەنە سەر هیچ وڵاتێکی دیکە.
"پێویست ناکات بە بەرد وەڵامی خشت بدەینەوە"
ئاسف رایگەیاند، رێککەوتنی مەککە دەتوانێت رۆڵی رێگر ببینێت و مەرج نییە بەو مانایە بێت کە ئەو سێ وڵاتە بە هێزی سەربازی وەڵامی دەستدرێژی بدەنەوە. ئەو گوتی، "پێویست ناکات وەڵامی خشتێک بە بەرد بدەینەوە."
خواجە ئاسف، حووسییەکانی بە "گرووپی چەکداری نادەوڵەتی" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا هاوسۆزییەک لە جیهانی ئیسلامیدا بۆ ئێران هەیە، بەڵام هۆشداریی دا کە نابێت ئەم سۆزە بۆ فراوانکردنی شەڕ لە ناوچەکەدا بەکاربهێندرێت.
ئاسف ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ئەوەی ئاگاداری هیچ پەیوەندییەکی نوێی نێوان ریاز و ئیسلام ئاباد نییە لە دوای هێرشەکان، بەڵام پەیوەندییەکانیان دێرینن و پابەندن بە پاڵپشتیکردنی سعودیە، هاوکات هیوای خواست هەوڵە دیپلۆماسییەکان رێگە لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕەکە بگرن.
حووسییەکان رایانگەیاندووە کە هێرشەکانی ئەم دواییەیان وەڵامدانەوە بووە بۆ زنجیرەیەک بۆردوومانی ئاسمانیی هاوپەیمانان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لە باکووری رۆژئاوای یەمەن، بە تایبەت بۆردوومانکردنی گرتووخانەیەک لە شاری حەزم کە بە گوتەی ئەوان لانیکەم 11 کەسی تێدا کوژراوە.
رێککەوتنی مەککە رێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەش و سێقۆڵییە، کە لە 7ـی ئابی 2026 لە شاری مەککە لەلایەن سەرکردەکانی هەرسێ وڵاتی سعودیە، تورکیا و پاکستانەوە واژۆ کرا.
بەپێی ئەم رێککەوتنە، هەر جۆرە هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر هەرسێ وڵات هەژمار دەکرێت و وەڵامدانەوەی هاوبەشی لەدوای دەبێت.



