رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رۆژی چوارشەممە دەنگی دا بە رەوانەکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی "پابەندنەبوونی" بە ئەرکە ئەتۆمییەکانی.
رۆژی چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 2026، ئاژانسەکە رایگەیاند، لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە حوزەیرانی 2025دا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان، دەستی بە دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران نەگەیشتووە؛ هەروەها لە شەڕی نوێشدا کە لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە هەڵگیرساوە، بنکە ئەتۆمییەکان کراونەتە ئامانج و ئاژانسەکە بەردەوام داوای کردووە رێگەی پێبدرێت سەردانی ئەو شوێنانە بکات.
بڕیارنامەکە کە لەلایەن بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پێشکەش کرابوو، بە دەنگی 23 وڵات پەسندکرا؛ لە بەرامبەردا 3 وڵات (رووسیا، چین و نیجەر) دژی دەنگیان دا و 8 وڵاتیش دەنگیان نەدا. ئەمە یەکەمجارە لە 20 ساڵی رابردوودا دۆسیەی ئێران بەهۆی پابەندنەبوون بە ئەرکە ئەتۆمییەکانی رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایش بکرێت.
رەوانەکردنی دۆسیەکە زیاتر بە هەنگاوێکی هێماداری دەبینرێت، چونکە رووسیا و چین مافی ڤیتۆیان لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە و دەتوانن رێگری لە سەپاندنی هەر سزایەک بکەن.
دەقی بڕیارنامەکە سەبارەت بە "پابەندنەبوونی بەردەوامی ئێران بە ئەرکەکانی" پشانی دەدات کە ئێران رێگەی بە سەردانیکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی نەداوە و داوای لە تاران کردووە بەپەلە ئەم بابەتە چارەسەر بکات؛ هەروەها داوا لە ئێران دەکات "بەبێ مەرجی پێشوەختە بچێتە ناو گفتوگۆ جدییەکانەوە بۆ دروستکردنەوەی متمانەی نێودەوڵەتی بە ئاشتییانەبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی".
رەزا نەجەفی، باڵیۆزی ئێران لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤییەننا، بڕیارنامەکەی بە "ئامرازێکی سیاسی" ناوبرد و گوتی: "ئێران تەنیا تاوەکو ئەو رادەیەی بارودۆخ و ئاسایش رێگەی پێبدات، هاوکاری دەکات."
مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم چەندینجار ئاماژەی بەوە کردووە، نەبوونی زانیاری و رێگەنەدان بە پشکنەرەکانی، بووەتە مایەی "نیگەرانی لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی". رافايل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە رایگەیاند، رێگەدان بە پشکنەرانی ئاژانس لە ناوخۆی ئێران، کاردانەوەی ئەرێنیی بۆ تاران دەبێت.
لە بەرامبەردا، نوێنەرایەتیی ئێران لە ڤییەننا داوای لە گرۆسی کردبوو کۆتایی بە راپۆرتە "ناپیشەیی و سیاسییەکان" بهێنێت و داوا لە ئەمریکا و ئیسرائیل بکات هێرشە ناپێویست و نایاساییەکانیان بوەستێنن.
پێش هێرشەکانی حوزەیرانی 2025، ئاژانسەکە خەمڵاندبووی کە ئێران خاوەنی نزیکەی 440 کیلۆگرام ئۆرانۆمی پیتێنراوە بە رێژەی 60٪. لە دوای ئەو هێرشانەوە چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمە بە نادیاری ماوەتەوە.
عەلی واعیز، شرۆڤەکار لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هەندێک وڵات ئەم بڕیارنامەیە وەکو دەرفەتێک دەبینن بۆ زیادکردنی گوشاری یاسایی لە پاڵ گەمارۆ ئابووری و دەریاییەکان بۆ سەر ئێران، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم هەنگاوە "ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت"، چونکە رووسیا و چین رێگە نادەن گوشارەکانی رۆژئاوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش سەربگرن.



