رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا و بەلجیکا رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بە ئامانجی رێگری لە قاچاخچییەکانی مرۆڤ، کە بەلەمی بچووک کۆچبەران دەگوازنەوە بۆ بەریتانیا.
رۆژی چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، رێککەوتنەکە دوای ئەوە دێت کە قاچاخچییان روویان لە بەلجیکا کردووە؛ ئەمەش وەکو ئەنجامێکی رێکارە تووندەکانی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ رێگری لە پەڕینەوە لە باکووری فەرەنساوە بۆ بەریتانیا.
بەپێی پەیڕەوی نوێ، پۆلیسی بەریتانیا و بەلجیکا دەتوانن "بەشێوەیەکی سەربەخۆ و خێراتر" زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاڵوگۆڕ بکەن، ئەمەش هاوکار دەبێت لە "دەستنیشانکردن، تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی" تۆڕەکانی قاچاخچێتیی مرۆڤ. پێشتر ئاڵوگۆڕی هەندێک زانیاری پێویستی بە رەزامەندیی دادوەری هەبوو، کە ئەوەش توانای لێکۆڵەرانی بۆ کارکردنی خێرا کەم دەکردەوە.
وەزارەتەکە ئەم رێککەوتنەی بە "یەکەم رێککەوتنی لەم جۆرە" لەگەڵ وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە دوای چوونەدەرەوەی بەریتانیا لەو یەکێتییە لە سەرەتای ساڵی 2020دا وەسف کرد. رێککەوتنەکە لە لایەن شەبانە مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و بێرنارد کوینتین، هاوتا بەلجیکییەکەی لە لەندەن واژۆ کرا.
شەبانە مەحموود لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەم رێککەوتنە هاوکاری پۆلیسی بەریتانیا و بەلجیکا دەکات بۆ تووندکردنی گەمارۆکان لەسەر ئەو باندە تاوانکارییانەی لە پشت پەڕینەوەی کۆچبەرانن بە بەلەمی بچووک."
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەلجیکا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە رێگرییان لە 400 کەس کردووە کە هەوڵیانداوە لە وڵاتەکەیانەوە بە بەلەم بچنە بەریتانیا. لە کاتێکدا پار هیچ کۆچبەرێک نەپەڕیوەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، هاوکارییەکان لەگەڵ بەلجیکا لەمساڵدا بووەتە هۆی دەستگیرکردنی زیاتر لە 50 کەسی پەیوەندیدار بە قاچاخچێتیی کۆچبەران و دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 40 ئۆتۆمبێل.


