رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەڵاتێکی دارایی تاوەکو پێنج ملیۆن دۆلار رادەگەیێنێت بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دۆزینەوە، رزگارکردن و گەڕاندنەوەی دوو منداڵی خاوەن وڵاتینامەی ئەمریکی کە لەلایەن دایکیانەوە بۆ سووریا رفێنراون.
رۆژی چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 2026، بەرنامەی "پاداشت بۆ دادپەروەری"ی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە ساڵی 2015دا هەردوو خوشک و برای ئەمریکی، یوسف شیکدەر و زەهرا شیکدەر، لەلایەن دایکیانەوە و بەبێ رەزامەندیی باوکیان رفێنران بۆ سووریا بە مەبەستی پەیوەندیکردن بە داعشەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوای گیانلەدەستدانی دایکیان لە ساڵی 2019دا، خەدرە عیسا (کە بە ئوم قەعقاع سۆمالی ناسراوە) کە سەرکردەیەکی دیار و مامۆستای شەریعەی داعش بووە، سەرپەرشتی و بەخێوکردنی ئەو دوو منداڵەی گرتووەتە ئەستۆ.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، هەر کەسێک زانیارییەکی هەبێت کە ببێتە هۆی دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێبوون و گەڕاندنەوەی یوسف و زەهرا شیکدەر، دەکرێت شایستەی وەرگرتنی ئەم پاداشتە داراییە و گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی بێت بۆ شوێنێکی ئارام.
وەزارەتەکە داواشی لە هاووڵاتییان کردووە لە رێگەی کەناڵەکانی وەک تێلگرام و سیگناڵەوە زانیارییەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە 14ی ئاداری 2015، دایکیان بە ناوی رەشیدە شیکدەر بەبێ رەزامەندی باوکیان (بەشیر شیکدەر)، منداڵەکانی لە شاری میامی لە ویلایەتی فلۆریداوە گواستەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە سووریا. لەو کاتەدا یوسف تەمەنی چوار ساڵ و زەھرا تەمەنی تەنیا یەک ساڵ بوو.
باوکیان، بەشیر شیکدەر، چەندین ساڵە لە ھەوڵێکی بێپچڕاندایە بۆ دۆزینەوەی منداڵەکانی و تەنانەت خۆی سەردانی سووریا و کەمپەکانی ئەوێی کردووە، بەڵام هیچی دەستنەکەوتووە.


