رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بەدوای رێککەوتنەوە نین و "هیچ پەلەیەکیان نییە" بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران، پێشبینیش دەکات جەنگی حەوت مانگەی نێوان هەردوو وڵات، رێک دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە ئەمریکا کۆتایی بێت.
دۆناڵد ترەمپ، لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە ئەگەری پشتیوانیکردنی لە رێککەوتنێکی سنووردار بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، گوتی: "بەدوای رێککەوتنەوە نین. پێویستە تەنگەکە بکرێتەوە و ئەوەش دەستبەجێ روودەدات. تەنیا یەک جار ئەم هەلە دەدەین، بەڵام من پەلەم نییە. هەمووان وا دەزانن لەبەر هەڵبژاردنەکان پەلەمە، بەڵام وا نییە."
سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی کرد جەنگەکە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو کۆتایی بێت و تارانی بەوە تۆمەتبار کرد، کە بە ئەنقەست کات دەکوژێت بۆ ئەوەی زیان بە پێگەی پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا بگەیێنێت.
ترەمپ گوتی: "پێم وایە جەنگەکە رێک دوای هەڵبژاردن کۆتایی دێت، چونکە ئەوان چی دیکە ناتوانن خۆیان رابگرن. رژێمی ئێران بێهیوا بووە و دەیەوێت کاریگەری لەسەر دەنگی ئەمریکییەکان دروست بکات، بەڵام کاتێک هەڵبژاردن تێدەپەڕێت، سازش دەکەن."
لەسەر ئاستی مەیدانی، ترەمپ رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا گورزی گەورەیان لە کەرتی نەوتی ئێران داوە و گوتی: "نۆ کەشتیی نەوتهەڵگری ئەوانمان پەکخستووە. دەتوانم بڵێم ئەو هێرشانە لەلایەن ئێمەوە بووە و شتی زۆر زیاتریش دەبینن؛ زۆربەی ئەو کەشتییانە بەتەواوی لەنێوچوون."
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) تێکشاندنی پێنج نەوتهەڵگری ئێرانی لە کەنداو پشتڕاست کردەوە، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا.
سەبارەت بە بڕیارەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ رەوانەکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، ترەمپ دووبارە هەڕەشەی لەنێوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییە قایمکراوەکانی ژێرزەوی لە ئێران کردەوە، تاوەکو تواناکانیان بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆم بەتەواوی رابماڵێت.
نرخی نەوتی برێنت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرزبووەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەم نرخە بەرزە تاوەکو کۆتایی پاییز بەردەوام دەبێت، بەڵام پێشبینی کرد دوای هەڵبژاردنەکان نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو داببەزن.
سەرۆکی ئەمریکا جەنگی ئێستای بە ململانێیەکی "بچووک" و "پچڕپچڕ" وەسف کرد و گوتی، گەمارۆ ئابووری و دەریاییەکان "ئەنجامیان لەسەرووی چاوەڕوانییەکانەوە بووە" و بوونەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و تووڕەیی خەڵک لە ناوخۆی ئێراندا.
لە دەرەوەی پرسی ئێران، ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو کە گفتوگۆی ئەرێنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا هەبووە و مۆسکۆ ئامادەیە بۆ دانوستاندن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا.
هەروەها لەبارەی سزاکانی بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا بۆ سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوا، رایگەیاند کە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل قسە دەکات بۆ ئەوەی لە هەڵوێستیان تێبگات.


