رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی
ئەمریکا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر چیای قولەنگ لە ئێران کرد و جەختی لەوە کردەوە رێگە
نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هاوکات پێشبینی کرد دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی
کۆنگرێس، جەنگەکە کۆتایی بێت.
لە کاتی پێشکێشکردنی
گوتارێکیدا لە شاری داڵاسی ویلایەتی تێکساس لە کۆنگرەی پارتی کۆماری، ترەمپ
رایگەیاند، وڵاتەکەی تەنگەی هورمزی کۆنترۆڵ کردووە و پێشنیازیشی کرد ناوی تەنگەکە بۆ
"تەنگەی ترەمپ" بگۆڕدرێت. لەبارەی جەنگی ئێرانیشەوە گوتی:
"دەستبەجێ دوای بردنەوەمان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، جەنگەکە کۆتایی
دێت."
پێشتر و لە لێدوانێکدا
رۆژی چوارشەممە، ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری هێرشی زیاتر بۆ سەر ئێران کردبوو. ئەو
جەختی لەوە کردەوە کە لەم کاتەدا واشنتن هەوڵی رێککەوتن لەگەڵ تاران نادات، بەڵام
دەرگای دانوستاندنیشی بەتەواوی دانەخستووە.
پێش بەڕێکەوتنی بۆ
داڵاس، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "چاومان لە رێککەوتن نییە،
ئەوەی من دەیکەم گەورەترە لە رێککەوتنی ئەتۆمی." بەڵام کاتێک پرسیاری لێکرا
لەبارەی ئەگەری دانوستاندن لەگەڵ ئێران، ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە ئەوە رووبدات.
ئەو لێدوانانەی ترەمپ
لەبارەی نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی جەنگ، لە کاتێکدان کە راپۆرتە ئەمریکییەکان
ئاماژە بە هەڵسەنگاندنی جیاواز و هۆشیارانەتر لە نێو ئیدارەکەی خۆیدا دەکەن.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت
جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکەوە بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا
راوێژکارە باڵاکانی کۆشکی سپی هۆشدارییان داوەتە ترەمپ لەوەی ئەگەری هەیە
ململانێکان لەگەڵ ئێران تاوەکو کۆتایی خولی سەرۆکایەتییەکەی بەردەوام بن.
بەپێی رۆژنامەکە، جەی
دی ڤانس، جێگری سەرۆک و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەنێو ئەو
بەرپرسانەدا بوون کە گفتوگۆیان لەگەڵ ترەمپ کردووە لەبارەی توانای تاران بۆ
بەردەوامیدان بە بەرگریکردن لە بەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکا، کە ئەوەش رەنگە
ململانێکە درێژتر بکاتەوە.



