رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، رووسیا بە شێوەیەکی نایاسایی هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکە دەخزێنێتە نێو سوپای وڵاتەکەی و بۆ شەڕ دژی ئۆکراینا بەکاریان دەهێنێت، لە کاتێکدا هەندێک لەو کەسانە بە بەڵێنی کار فریودراون و دوای گەیشتن بە رووسیا ناچار کراون گرێبەستی سەربازی واژۆ بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، ئاگنێس کالامار، سکرتێری گشتیی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، سەرکۆنەی ئەم هەنگاوەی رووسیای کرد و رایگەیاند، لەنێو دەزگاکانی رووسیادا کەسانێک هەن کە دەزانن ئەو کەسانەی بۆ هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ رەوانە دەکرێن، کەسانی بیانین و قوربانیی قاچاغچێتین.
بەڵێنی کاری مەدەنی و بردنیان بۆ نێو سوپا
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، یەکێک لە شێوازە سەرەکییەکانی راکێشانی بیانییەکان بۆ سوپای رووسیا، بڵاوکردنەوەی ئاگاداریی کاری ساختەیە لەسەر ئینتەرنێت.
لە ئاگادارییەکەدا بەڵێنی کاری باش و مووچەی بەرز بە هاووڵاتییانی وڵاتانی هەژار دراوە، بەڵام دوای گەیشتن بە رووسیا، هەندێکیان پاسپۆرت و بەڵگەنامەکانیان لێوەردەگیرێت و دەخزێندرێنە نێو سوپا.
ئەگنێس کالامار، بە (ئەسۆشیەیتد پرێس)ـی گوت: "ئازار و زیانەکانی پەیوەست بە نێودەوڵەتیکردنی جەنگەکە، کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و تاکە زۆر لاوازەکان لە سەرانسەری جیهان هەیە."
کالامار دەڵێت، ئەو کەسانەی رووسیا بە ئامانجیان دەگرێت، زۆرجار لە خوار تەمەنی 40 ساڵن و لە وڵاتانی هەژار دەژین و بە "بەڵێنی کار" راکێشراون.
بەپێی راپۆرتەکە، دوای گەیشتنیان بە رووسیا، پاسپۆرتەکانیان لێ وەردەگیرێت، بەڵگەنامەیەکیان بۆ واژۆکردن پێدەدرێت کە لێی تێناگەن و پاشان بۆ مەشق و شەڕ دەنێردرێن.
لە نموونەیەکی راپۆرتەکەدا، شۆفێرێکی بارهەڵگری خەڵکی ئەفریقای باشوور بەڵێنی کاری شۆفێری پێدرابوو و بۆ مۆسکۆ بانگهێشت کرابوو، بەڵام دوای گەیشتن بە رووسیا هەموو شتێکی لێوەرگیراوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئەو بیانییانەی لە رووسیا دەژین و مافی مانەوەیان نییە؛ بەڵێنی مۆڵەتی مانەوە یان پاسپۆرتیان پێدەدرێت بەرامبەر بەوەی بچنە نێو سوپا.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش، لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی (ئەسۆشیەیتد پرێس) ئاشکرای کرد رووسیا بەڵێنی کار و مووچەی بەرز بە کەسانی کینیا دەدات بۆ راکێشانیان بۆ شەڕی ئۆکراینا.
ژمارەی بیانییەکان لە سوپای رووسیا
لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، هەردوو وڵات هەزاران هاووڵاتیی بیانییان بۆ سوپاکانی خۆیان راکێشاوە، بەڵام هیچ کامێکیان ژمارەی گشتیی سەربازە بیانییەکانیان بڵاونەکردووەتەوە.
ئۆکراینا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا خەمڵاندوویەتی زیاتر لە 28 هەزار بیانی لە 136 وڵاتەوە لە سوپای رووسیا شەڕ دەکەن.
بەرپرسانی ئۆکراینا هەروەها باوەڕیان وایە رووسیا نزیکەی 14 هەزار سەربازی کۆریای باکووری بۆ پشتیوانی لە هێرشەکەی بۆ سەر ناوچەی کورسک لە ساڵی 2024 بەکارهێناوە.
تاوەکو ئێستا رووسیا هیچ وەڵامێکی راپۆرتەکەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نەداوەتەوە و نە پشتڕاستی کردووەتەوە و نە رەتی کردووەتەوە.



