رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئابووریدا دژی ئێران، زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر کەسایەتی، کۆمپانیا و تۆڕە داراییەکانی پاڵپشتیکاری گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و لوبناندا سەپاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، ئەم تۆڕانە "هاوکاری ئێران بوون لە بڵاوکردنەوەی ئاژاوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تێکدانی سەقامگیری لە رێگەی گرووپە چەکدارەکانییەوە." ئاماژە بەوەش کراوە، "تۆڕە سزادراوەکان لە بەغدا، بەیرووت، ئیمارات و تورکیا بڵاوبوونەتەوە و کاریان قاچاخچێتیی نەوت، سپیکردنەوەی پارە و دەربازبوون بووە لە سزاکانی واشنتن."
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی بڕیارەکەوە رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنی ئابووری ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی رژێمی شکستخواردووی ئێران. جا چ پارەدارکردنی تیرۆر بێت، یان سپیکردنەوەی پارە و هاوکاریکردنی ئێران بۆ دەربازبوون لە سزاکان، دەیان دۆزینەوە، لە سیستمی دارایی ئەمریکا دەریان دەکەین و ئەو تۆڕانەی رژێمەکەیان بە زیندوویی هێشتووەتەوە هەڵدەوەشێنینەوە."
سزادانی ئەندامانی کەتائیبی حیزبوڵڵا و دەستێوەردان لە حەشدی شەعبی
کەتائیبی حیزبوڵڵا، گرووپێکی سەرەکیی بەرەی مقاوەمەی سەر بە ئێرانە و لەلایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانەوە پاڵپشتی دەکرێت، هاوکات کاریگەریی بەهێزی بەسەر دەستەی حەشدی شەعبییەوە هەیە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی گەنجینە، حەشدی شەعبی ساڵانە زیاتر لە 2.6 ملیار دۆلار لە بودجەی حکومەتی عێراق وەردەگرێت، بەڵام ئەم گرووپانە سامانی گەلی عێراق بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران و "کردەوە تیرۆریستییەکان" بەکاردەهێنن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، چوار ئەندام و فەرماندەی باڵای کەتائیبی حیزبوڵڵای خستە لیستی رەشەوە:
عەلی حەسەن فەرحان لامی (فەرماندەی باڵا)
حوسێن ئەحمەد حوسێن زوحیباوی
محەممەد ئامین فازڵ عەلی شێخلی
کەڕاڕ محەممەد قاسم هورەی شاوی
بەشێکی دیکەی سزاکان بەسەر ئەو کەسایەتی و کۆمپانیایانە سەپێندراون کە کەرەستەی سەربازی و لۆجستییان بۆ دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگاکانی دابین کردووە، لەوانە:
عەباس جەواد کازم تەمیمی: بەرپرسی باڵا لە حەشدی شەعبی، کە رێنمایی ستراتیژی و راوێژکاریی سەربازی بۆ کڕینی چەکی دەرەکی دابینکردووە.
عەبدوڵڵا نازم لوعەیبی عامری: بازرگانی چەکی عێراقیی نیشتەجێی ئیمارات و دامەزرێنەری کۆمپانیای بووروج بۆ بەڵێندەرایەتیی گشتی. کۆمپانیاکەی خزمەتگوزاری چاککردنەوەی بۆ هێلیکۆپتەرە رووسییەکانی حەشدی شەعبی دابین کردووە.
خەلدون ناسر مەریوش ئەبادە: نوێنەری کۆمپانیای عەین عێراق بۆ چارەسەری تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکان، کە کاری هاوئاهەنگی بۆ کڕینی کەرەستەی بەرگریی دەرەکی لە رووسیا، ئێران و چین کردووە و هەوڵی کڕینی کەلوپەلی سەربازیی ئەمریکیشی داوە.
هەروەها سزاکان هەریەکە لە مەجید عەلی ئەکبەر نامدار مەندەلاوی و عەبدولحەسەن عەلی نامدار مەندەلاوی، خاوەنانی کۆمپانیای شەمس و بەحر بۆ بازرگانی (کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراوە لە دوبەی) گرتووەتەوە، کە ملیۆنان دۆلاریان لە رێگەی سیستمی حەواڵەوە لە عێراقەوە بۆ ئێران گواستووەتەوە.
قاچاخچێتیی پارە و زێڕ بۆ حیزبوڵڵای لوبنان
راپۆرتەکە پەردەی لەسەر تۆڕێکی بەرفراوانی گواستنەوەی پارەی نەوتی ئێران بۆ حیزبوڵڵای لوبنان هەڵماڵیوە. فەیلەقی قودس بە هاوکاریی حیزبوڵڵا سەدان ملیۆن دۆلاریان لە رێگەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە لوبنان و ئیمارات گواستووەتەوە. سزادراوە نوێیەکانی بەشدار لە قاچاخچێتیی پارە و زێڕی حیزبوڵڵا ئەمانەن:
حوسێن ئیبراهیم و عەبدوڵڵا حەمەییە: ئاڵوگۆڕکاری دراو کە سەدان ملیۆن دۆلاریان گواستووەتەوە.
غەیس حوسێن وەهبی: گوێزەرەوەی پارەی کاش بۆ بەرپرسانی دارایی حیزبوڵڵا.
مەروات جەمیل زاهیرەدین: خوشکی سەرمایەداری سزادراوی حیزبوڵڵا (حەمدی زاهیرەدین)، کە سەرپەرشتی کۆمپانیاکانی وای ئای ئێم ئێکسچەینج و گۆڵد پرۆ ئێس ئەی ئاڕ ئێڵی کردووە بۆ قاچاخچێتیی زێڕ لە دوبەیەوە بۆ لوبنان.
ئەمیر مەکانسی: بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی زێڕ لە سووریا و تورکیا کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگە لوبنانییەکان بڕێکی زۆر پارەی کاشی بۆ حیزبوڵڵا ئاڵوگۆڕ کردووە.
لێکەوتە یاسایی و داراییەکانی سزاکان
بەپێی ئەم بڕیارانە، سەرجەم سەروەت و سامان و بەرژەوەندییە داراییەکانی ئەم کەسایەتی و کۆمپانیایانە لە ئەمریکا یان لەژێر دەسەڵاتی کەسانی ئەمریکیدا بن، راستەوخۆ بلۆک دەکرێن. هەروەها هەر کۆمپانیایەک کە 50٪ یان زیاتری خاوەندارێتییەکەی بۆ ئەم سزادراوانە بگەڕێتەوە، دەکەوێتە ژێر هەمان سزاوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، دامەزراوە داراییە بیانییەکان لە هەر مامەڵەیەکی دارایی گەورە لەگەڵ ئەم کەسانەدا، تووشی سزا دەبنەوە و لە کردنەوە یان هێشتنەوەی هەژماری بانکی لە ئەمریکا بێبەش دەکرێن.


