رووداو دیجیتاڵ لە دۆسیەی یەکێک لە تراژیدیترین رووداوەکانی خنکانی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز، دادگەی تاوانەکانی پاریس 14 قاچاخچی بە تۆمەتی کوشتنی بێ مەبەست و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دادگایی دەکات. برای یەکێک لە قوربانییەکان کە ئامادەی دانیشتنی دادگەییەکە بووە دەڵێت، کۆتایی ئەم مانگە دادگە دۆسیەکە یەکلایی دەکاتەوە. رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، زانا مەمەند محەممەد، سەرۆکی رێکخراوی (مەرد) بۆ قوربانییانی تاوانە رێکخراوەکان و برای یەکێک لە قوربانییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە نۆ کەس بووین لە هەرێمی کوردستانەوە چووین بۆ فەرەنسا بۆ ئامادەبوون لە دادگەییەکە و چوار کەسمان لە نێو دادگە گوتەمان لێوەرگیرا." زانا مەمەند گوتی: "دادگە سێ هەفتە کاتی دیاریکردووە بۆ دادگەییکردنی تۆمەتبارانی دۆسیەکە. سێ لە تۆمەتبارەکان کوردن و تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جیاوازیان ئاراستە کراوە." بە گوتەی زانا مەمەند، رۆژی 30ی ئەیلوول دوایین رۆژی دادگەییکردنەکە دەبێت. زانا مەمەند ئاماژەی بەوەش کرد: "دۆسیەیەکی دیکە کە ئێستا لە لێکۆڵینەوەدایە، تایبەتە بە کەمتەرخەمی پیاوانی دەوڵەت لە رزگارکردنی کۆچبەرەکان و بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و رەگەزپەرستانە لەبری بەهاناوەچوون." هاوکات مستەفا ئەمین، باوکی یەکێک لە بێسەروشوێنبووانی رووداوەکە، بە رووداوی گوت: "سەرەتا لە هەرێمی کوردستان سکاڵامان تۆمارکرد، دواتریش لە فەرەنسا و لە رێگەی رێکخراوەکانەوە لە بەریتانیا سکاڵامان کرد. خۆم دوو جار چوومەتە ئەوێ، هەموو بەڵگەنامە و گوتە و زانیارییەکانمان پێشکێشی نووسینگەی پارێزەرەکانمان کرد لە فەرەنسا، تاوەکو رادەستی دادگەی بکەن." باوکی ئەو قوربانییە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان هەوڵێکی زۆریان داوە لە بەریتانیاش دۆسیەکە بجووڵێنن و گوتی: "حکومەتی بەریتانیا بە هیچ شێوەیەک نەدەهاتە ژێرباری ئەوەی کە رووداوێکی لەو شێوەیە لە ئاوەکانی سنووری وڵاتەکەیاندا روویداوە، بەڵام بەهۆی گوشاری رێکخراوەکان و میدیاکان ناچار بوو دان بەوەدا بنێت، چونکە ئێمە لە رێگەی ناونیشانی ورد (لۆکەیشن) و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانەوە سەلماندمان کە رووداوەکە لەنێو ئاوی ئەواندا روویداوە." رۆژی 8ـی ئەیلوولی 2026، دادگاییکردنی تۆمەتبارەکان لە پاریس دەستیپێکرد، کە زۆربەیان هاووڵاتیی ئەفغانستانین. ئەم دۆسیەیە پەیوەندی بە کارەساتی شەوی 23 لەسەر 24ـی تشرینی دووەمی 2021ـەوە هەیە، کاتێک بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز نقوم بوو و بووەهۆی خنکان و بێسەروشوێنبوونی لانیکەم 32 کۆچبەر. بەپێی زانیارییەکانی دادگەی پاریس، زۆربەی ئەو كەسانەی لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستدا هاونیشتمانی خەڵكی باشووری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان بوون، لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەری دیکەی خەڵکی ئەفغانستان، میسر، ئەسیوبیا و ڤێتنام. لەو کارەساتەدا تەنیا دوو کەس (هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان و یەکێکی سۆماڵی) رزگارکران. ژمارەیەک لە خێزانی قوربانییەکان کە لە هەرێمی کوردستانەوە رۆیشتبوون، لە هۆڵی دادگاکەدا ئامادە بوون.