رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین داتاکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن کە کەمێک پێش ئێستا بڵاوکرایەوە، لەگەڵ بەردەوامیی جیاکردنەوەی دەنگەکاندا (کە تاوەکو ئێستا 2,137 بنکە لە کۆی 6,626 بنکە جیاکراونەتەوە و ژمارەی دەنگە بژێردراوەکان گەیشتووەتە 1,966,496 دەنگ)، گۆڕانکاریی گەورە لە ئەنجامەکاندا روویدا. بلۆکی چەپ بە سەرۆکایەتیی ماگدالینا ئەندەرسۆن پێشەنگیی گرتەدەست و 49.3٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا بلۆکی راستڕۆ بە سەرۆکایەتیی ئولف کریستەرسۆن رێژەی دەنگەکانی بۆ 49.2٪ دابەزی. هاوکات رێژەی بەشداریکردن بۆ 80.2٪ بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئەم ئەنجامە بەراییانە، رێژەی دەنگی پارتەکان بەم شێوەیەی لێهاتووە:
پارتی سۆسیال دیموکرات: 27.3٪ (بەراورد بە ساڵی 2022، 3.0٪ کەمی کردووە)
پارتی مۆدێرات - پارێزگاران: 19.6٪ (0.5٪ زیادی کردووە)
پارتی دیموکراتەکانی سوێد: 17.8٪ (2.8٪ کەمی کردووە)
پارتی چەپ: 8.4٪ (1.7٪ زیادی کردووە)
پارتی نێوەڕاست: 7.3٪ (0.6٪ زیادی کردووە)
پارتی سەوز: 6.3٪ (1.2٪ زیادی کردووە)
پارتی کریستیان دیموکرات: 6.3٪ (0.9٪ زیادی کردووە)
پارتی لیبراڵەکان: 5.5٪ (0.9٪ زیادی کردووە)
پارتەکانی دیکە: 1.5٪
بەپێی سیستمی سیاسیی سوێد و هاوپەیمانێتییەکانی ئەم هەڵبژاردنە، پارتەکان بەسەر دوو بەرەی سەرەکی (راستڕۆ و چەپڕۆ)ـدا دابەش بوون.
یەکەم: بەرەی راستڕۆ (دەسەڵاتدارانی ئێستا)
ئەم بەرەیە لە چوار پارت پێکدێت. سێ پارتیان کابینەی حکومەتی ئێستایان پێکهێناوە، پارتی چوارەمیش لە دەرەوەی کابینەکە پشتگیرییان دەکات بۆ ئەوەی زۆرینەی پەرلەمان مسۆگەر بکەن:
پارتی مۆدێرات: پارتی سەرۆکوەزیرانی ئێستایە (ئولف کریستەرسۆن) و سەرکردایەتیی حکومەتی راستڕۆ دەکات.
پارتی کریستیان دیموکرات: پارتێکی راستڕۆی پارێزگارە و لە کابینەی حکومەتی ئێستا بەشدارە.
پارتی لیبراڵەکان: پارتێکی راستڕۆی میانڕۆیە و لە کابینەی حکومەتی ئێستا بەشدارە.
پارتی دیموکراتەکانی سوێد: پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆیە. لەناو کابینەی وەزاریی ئێستادا نین، بەڵام لە پەرلەمانەوە پشتگیریی حکومەتەکەی کریستەرسۆن دەکەن.
دووەم: بەرەی چەپڕۆ (ئۆپۆزیسیۆنی ئێستا)
ئەم بەرەیە لە چوار پارت پێکدێت بە سەرۆکایەتیی ماگدالینا ئەندەرسۆن، کە دەیانەوێت حکومەتی نوێ پێکبهێنن:
پارتی سۆسیال دیموکرات: گەورەترین پارتی سوێدە و سەرکردایەتیی بەرەی چەپ دەکات (پێشتر فەرمانڕەوای سوێد بوون).
پارتی چەپ: پارتێکی چەپڕۆی سۆسیالیستە و بەشێکی سەرەکییە لەم بەرەیە.
پارتی سەوز: پارتێکی چەپڕۆیە و کارنامەکەی زیاتر لەسەر پاراستنی ژینگە و کەشوهەوایە.
پارتی نێوەڕاست: هەرچەندە لە رووی ئایدۆلۆژییەوە پارتێکی میانڕۆیە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا چووەتە پاڵ بەرەی چەپ بۆ رێگریکردن لە بەهێزبوونی راستڕۆ تووندڕەوەکان.



