رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە هێرشی کردە سەر ئەو رەخنەگرانەی هۆشداری لەبارەی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد دەدەن و داوای خاوکردنەوەی پەرەپێدانی ئەم تەکنەلۆجیایە دەکەن، هاوکات ئەوانەی بە هێزی "نەرێنی" ناوبردن.
سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئایرلاند بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پێموایە زۆر هێزی نەرێنی هەن کە ئەم بابەتە دەورووژێنن، لە کاتێکدا نەدەبوو بیورووژێنن؛ ئەوان باسی شتانێک دەکەن کە هەرگیز روونادەن."
ئەم لێدوانەی ترەمپ چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە جەیکۆب کۆکسن، توێژەری بواری ژیریی دەستکرد، بڕیاریدا دەست لە کارەکەی بکێشێتەوە و هەردوو کۆمپانیای OpenAI و Anthropic تۆمەتبار کرد بەوەی لە کێبڕکێی گەشەپێدانی مۆدێلە پێشکەوتووەکاندا "قومار بە ژیانی ئێمەوە دەکەن."
کۆکسن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی: "ئەو کەسانەی ژیریی دەستکرد دروستدەکەن، لە ناخی دڵیانەوە باوەڕیان وایە کە ئەم تەکنەلۆجیایە دەتوانێت تاوەکو کۆتایی ئەم دەیەیە هەموومان لەنێوببات."
ئەم هۆشدارییە وایکرد کە داریۆ ئامۆدێی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەنترۆپیک رۆژی شەممە داوا لە کۆمپانیاکان بکات خێرایی پەرەپێدانی ئەم بوارە خاو بکەنەوە، لە کاتێکدا نیگەرانییەکان لەبارەی مەترسییەکانی ژیریی دەستکردی باڵا روویان لە زیادبوونە.
هاوکات سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری OpenAI و ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای xAI، هەر زوو هاوڕایی خۆیان لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکەی ئامۆدێی دەربڕی، لە کاتێکدا گوشارەکان بۆ چاودێریکردنی باشتر بەسەر ئەم کەرتەدا زیاتر دەبن.
ئاڵتمان هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا کە رۆژی شەممە بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی نیگەرانییەکان لەبارەی سەلامەتی، کۆمپانیاکەی لەمساڵدا پشکەکانی ناخاتە بازاڕی داراییەوە.



