رووداو دیجیتاڵ
جارید کوشنەر، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، لە گفتوگۆی کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینادا ناکۆکی سەرەکی لەسەر خاکە و کیێڤ ئامادە نییە سازش لەسەر خاکەکەی بکات.
کوشنەر لە گوتارێکدا لە کۆنفرانسی (ستراتیژیی ئەورووپیی یاڵتا) لە ئۆکراینا گوتی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گفتوگۆکانی 5ـی ئەیلوول لە مۆسکۆ هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو خاک و ناوچانە روون کردەوە کە شەڕیان تێدایە یان لە لایەن رووسیاوە کۆنترۆڵ کراون.
بە گوتەی کوشنەر، رووسیا داوا دەکات ئۆکراینا دەستبەرداری بەشێک لە خاکی هەرێمی دۆنباس بێت.
کوشنەر گوتی: "سەرۆک پووتین ئەو هێڵەی دیاریکرد کە دەیەوێ بەدەستی بهێنێت. ئەگەر ئۆکراینا بیەوێ بۆ ئەو هێڵە بکشێتەوە، ئەوا دەتوانین بەشەکانی دیکەی رێککەوتنەکە کۆبکەینەوە و رێکی بخەین. بەڵام ئۆکراینا لەم کاتەدا نایەوێ ئەوە بکات."
کرێملین چەندین جار ئاگربەستی رەتکردووەتەوە و داوای لە کیێڤ کردووە دەستبەرداری ناوچەی دۆنباس بێت، کە ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا و بەشێکی لەژێر دەسەڵاتی رووسیادایە. مۆسکۆ داوا لە کیێڤ دەکات دەستبەرداری ئەو خاکە بێت کە هێزەکانی رووسیا لە رووی سەربازییەوە نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن.
لە بەرامبەردا ئۆکراینا داوای راگەیاندنی ئاگربەست بە درێژایی هێڵی پێشەوەی بەرەکانی جەنگ دەکات و جەخت لە پێویستیی دەستەبەرکردنی گەرەنتیی ئەمنی بە پشتیوانیی رۆژئاوا بۆ پێشگرتن لە هەر هێرشێکی رووسیا لە داهاتوودا دەکاتەوە.
کوشنەر ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا وەک نێوەندگیرێک بە دوای "چارەسەرێکی داهێنەرانە"دا دەگەڕێ کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئۆکراینا بپارێزێ و هاوکات رووسیاش رازی بکات جەنگەکە رابگرێ. کۆشنەر داوای لە هەردوولا کرد تەنیا سەرنجیان لەسەر پرسی خاک و سنوور نەبێت، بەڵکو دەرفەتەکانی گەشەپێدانی ئابووری لەدوای جەنگ لە بەرچاو بگرن.
کۆشنەر ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمریکا پێشبینی دەکات لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەنگاوەکانی داهاتووی دانوستاندنەکان ئاشکرا بکات.
ئەم لێدوانانەی کۆشنەر دوای ئەوە هاتن کە خۆی و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ، هەفتەی پێشوو وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ شکاندنی بنبەستی دانوستاندنەکانی ئاشتی، سەردانی مۆسکۆ و کیێڤیان کرد.


