رووداو دیجیتاڵ
دەستەی تەنگەی کەنداوی فارسی ئێران، کە لەلایەن تارانەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز دامەزراوە، رۆژی دووشەممە لیستێکی نوێکراوەی بە ناوی 77 کەشتیی بازرگانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو کەشتییانە "پرۆتۆکۆڵە ئێرانییەکانی تایبەت بە تەنگەی هورمزیان پێشێل کردووە."
ئەم هەنگاوەی ئێران هاوکاتە لەگەڵ قووڵبوونەوەی نیگەرانییە جیهانییەکان لەبارەی دابینکردنی وزە، بەتایبەت دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر رێڕەوە سەرەکییەکانی گواستنەوەی نەوت لە هەردوو تەنگەی هورمز و بابولمەندەب.
دەستە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کەشتییانەی ناویان لە لیستەکەدا هاتووە، لە داهاتوودا لە کاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەکەدا رووبەڕووی رێکاری تووند دەبنەوە؛ لەوانەش سەپاندنی سزای دارایی، راگرتن، یاخود دەستبەسەرداگرتن. هەروەها هۆشداری داوە کە هەر لایەن و کەشتییەکی دیکەش هاوکاری لەگەڵ ئەو کەشتییە سزادراوانەدا بکات، ناوی دەخرێتە هەمان لیستەوە.
دەستەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "هۆشداری دەدرێتە کۆمپانیاکانی بیمە، یانەکانی پاراستن و قەرەبووکردنەوە و دەستەکانی پۆلێنکردنی کەشتییەکان، کە لە پێشکەشکردنی هەر جۆرە خزمەتگوزارییەک بەو کەشتییانە خۆیان بەدوور بگرن، تاوەکو لە لێکەوتەکانی مامەڵەکردن لەگەڵیان پارێزراو بن."
هاوکات داتاکانی تایبەت بە چاودێریی کەشتیوانیی دەریایی رۆژی دووشەممە دەریانخستووە، تێپەڕبوونی کەشتییە بارهەڵگرە بازرگانییەکان بە تەنگەی هورمز لە کۆتایی هەفتەدا بۆ ژمارەیەکی کەم دابەزیوە، بەجۆرێک رۆژانە کەمتر لە 10 کەشتی بە تەنگەکەدا تێپەڕیون، ئەمەش زۆر کەمترە لە تێکڕای ئاسایی 10 رۆژی رابردوو کە رۆژانە 14 کەشتی بووە.
ئەم ئامارانە ئەو کەشتییانە ناگرێتەوە کە رەنگە ئامێری شوێنپێهەڵگریان کوژاندبێتەوە بۆ ئەوەی لە ترسی دەستبەسەرداگرتن یاخود بەئامانجگیران، شوێنپێیان لە کاتی تێپەڕبوون بە تەنگەکەدا ئاشکرا نەبێت.



