رووداو دیجیتاڵ
ئەپڵیکەیشنی ویچات، کە زیاتر لە 1.3 ملیار بەکارهێنەری هەیە، بووەتە بڕبڕەی پشتی ژیانی رۆژانە لە چین. لە پەیوەندی و تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە تاوەکو بازرگانی و دۆزینەوەی کار، ئەم ئەپە وایکردووە ژیان بەبێ ئەو نزیک بێت لە مەحاڵ
خستنەڕێی ویچات، ئیمپراتۆریەتێکی دروست کرد کە بووەتە بڕبڕەی پشتی ژیانی 1.3 ملیار بەکارهێنەر.
ژانگ یو، بلۆگەرێکی چینییە و دەڵێت، "ویچات بەشێکە لە جەستەم، پێم وایە مێشکی منە. من وەک ئامرازێکی بازرگانی بەکاری دەهێنم و لێیەوە پارە پەیدا دەکەم؛ ئەگەر سبەی نەتوانم ویچات بەکاربهێنم، بۆ من دۆخەکە ترسناک دەبێت."
یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی، "ویچات پەی"ـە کە شۆڕشێکی لە کەرتی داراییدا کردووە؛ کارتی بانکی و پارەی کاش بوونەتە شتێکی دەگمەن و زۆربەی کارەکان بە سکانکردنی یەک کۆد جێبەجێ دەبن.
شو لیان، کارمەندی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیایە و دەڵێت، "من تەنیا بە مۆبایلەکەم گەشت دەکەم نەک پارەی کاش. ئەگەر پاتریی مۆبایلەکەم تەواو بێت، بازاڕکردن و ژیانم زۆر ناڕەحەت دەبێت. بە کورتی؛ بەبێ ویچات ژیان ناگوزەرێت."
ئەم ئەپە سنووری چینیشی بڕیوە و بووەتە بڕبڕەی پشتی پەیوەندی و بازرگانیی رۆژانەی چینییەکانی دەرەوەی وڵات.
وانگ یی لو، خوێندکارە و باس لەوە دەکات، "ئەگەر بەبێ ویچات بم، هەست دەکەم لە هەموو جیهان دابڕاوم و گۆشەگیر بووم. هەموو بەیانییەک یەکەم کارم سەیرکردنی ویچاتە بۆ ئەوەی بزانم کێ لایکی کردووم یان چی بڵاوکراوەتەوە؛ بەبێ ئەو زۆر پەرێشان دەبم."
ئەگەر لە زۆربەی وڵاتان مۆبایل زیاتر بۆ پەیوەندیکردن بەکاربێت، ئەوا لە چین مۆبایل واتا "ئۆکسجین" و ئەپڵیکەیشنی ویچاتیش "دڵی ژیانە". لێرە ویچات تەنیا بۆ کڕین و فرۆشتن، پارەدان، بڵاوکردنەوەی بابەت، نامەناردن و ڤیدیۆ نییە، بەڵکو لە رێگەیەوە دەرفەتی کاریش دەدۆزرێتەوە. لەنێو بازاڕەکانی پەکین،
کیو ئاڕ کۆدەکان (QR Code) دانراون و لەسەری نووسراوە "سکان بکە و هەلی کارت دەستدەکەوێت". لێرە ئەگەر بەبێ مۆبایل و ویچات بیت، کەسێکی نەبینراویت و یەک بستیش ناتوانیت بجووڵێیت.


