رووداو دیجیتاڵ
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر داوای بەغدا، بوونی سەربازیی وڵاتەکەی لە عێراق لە 30ـی ئەیلوول کۆتایی دێت، بەڵام ئامادەن لە داهاتوودا لەسەر داوای حکومەت بەردەوامی بە هاوئاهەنگییەکان بدەن. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش جەختی کردەوە کە هێزە ئەمنییەکانیان توانای کۆنترۆڵکردنی تەواوی خاکی وڵاتیان هەیە و پێویستیان بە پشتیوانیی سەربازیی دەرەکی نەماوە.
رۆژی سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026 فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرلین وەڵامی پرسیاری رووداوی دایەوە رایگەیاند کە بوونی سەربازییان لە عێراق لە 30ـی ئەیلوول کۆتایی دێت و گوتی، "ئەم کشانەوەیە لەسەر داوای عێراقە و ئێمەش بێگومان رێزی لێدەگرین، بەڵام ئەگەر داواکاری هەبێت، ئامادەین بەردەوامی بە هاوئاهەنگییە سەربازییەکانمان بدەین."
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتیشی، "ئێمە ئامادەین بۆ پشتیوانیکردنی عێراق ئەگەر داواکاریی حکومەتی بۆ هەبێت. بەشداریکردنمان لە داهاتوودا چۆن دەبێت، ئەوە بابەتێکە پێویستە لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان قسەی لەبارەوە بکەین. سەرۆکوەزیرانیش ئەمە دەزانێ و قسەمان لە بارەیەوە کردووە. ئێمە رێز لەم هەنگاوە دەگرین و دەستپێشخەریی هاوئاهەنگیمان بە شێوازی دیکە لە عێراق بەردەوام دەبێت، چونکە بەرژەوەندیی زۆرمان لەوەدایە، کە پەیوەندییەکی سیاسیی سەقامگیریش لەخۆدەگرێ."
هاوکات عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وەڵامی پرسیارەکەی رووداودا باسی لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد و گوتی، "هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەمڕۆ دەتوانن خاکی وڵات بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن، خاوەنی هێزی ئەمنیی جۆراوجۆرین. لەوبارەیەوە سەرەتا قسەمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، دوێنێش لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا و ئەمڕۆش لەگەڵ بەڕێز راوێژکاری ئەڵمانیا لەسەر هەمان پرس کۆبووینەوە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، "عێراق ئەمڕۆ پێویستی بە پشتیوانی نییە. ئێستا کار لەسەر پاراستنی ئاسمانی عێراق دەکەین لەبارەی تێپەڕبوونی هەر فڕۆکەیەک. پشتیوان بەخودا ئەگەر پێویستمان بە هەر شتێک بێت، ئەوا ئەڵمانیا و هەر وڵاتێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێمانەوە دوور نین، بەڵام ئێمە کۆنترۆڵی دۆخەکەمان لەدەستە و دەتوانین پارێزگاری لە وڵاتەکەمان بکەین. چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەت دەبێت، بڕیاری جەنگ و ئاشتیش بە تەواوی لە دەسەڵاتی دەوڵەتدایە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە قۆناخی داهاتوو لە نێوان هەردوو وڵات دەبێت روو لە کەرتی ئابووری بکات و گوتی، "لە رووی مێژووییەوە، هاوبەشیی سەربازی بەرهەمەکەی وەک بەرهەمی هاوبەشیی ئابووری و سیاسی نەبووە. ئەڵمانیا لە دۆخێکی دژواردا پشتیوانیی ئێمەی کردووە، ئێستاش کۆمپانیاکانیان دەتوانن بێن و بەشێک بن لە پرۆسەی بنیاتنانەوە و وەبەرهێنان لە وڵاتەکەمان."
دەقی پرسیار و وەڵامەکە:
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو: پرسیارم لە بەڕێز راوێژکاری ئەڵمانیا ئەوەیە، بەڕێزتان ئاگادارن کە ئەڵمانیا پشتوانییەکی سەرەکی هێزی پێشمەرگە بووە لە شەڕی داعش. پرسیارەکەم ئەوەیە ئایا کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بە مانای کۆتاییهاتنی هاوکاریی ئەڵمانیا دێت لە مەشق و راهێنانکردن بە هێزی پێشمەرگە؟ یان چۆن دەبێت؟
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا: بەڵێ، زۆر سوپاس بۆ پرسیارەکە لەبارەی بوونی سەربازی لە عێراق. ئەم بوونە سەربازییە لە 30ی ئەیلوول تەواو دەبێ، واتە دوای دوو هەفتەی دیکە، لە سەر داوای عێراق. بێگومان ئێمە رێز لەوە دەگرین، بەڵام هاوئاهەنگی سەربازیمان بەردەوامی پێدەدەین ئەگەر داواکاری بۆی هەبێ. ئێمە ئامادەین بۆ پشتگیریکردنی عێراق، ئەگەر داواکاری حکومەت بۆی هەبێت. بەشداریکردنمان لە داهاتوودا چۆن دەبێ، ئەوە پێویستە لە گەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان قسەی لەبارەوە بکەین. سەرۆکوەزیران ئەمە دەزانێ و قسەمان لەو بارەوە کرد. ئێمە رێز لەم هەنگاوە دەگرین و دەستپیشخەریی هاوئاهەنگیمان بە شێوازی دیکە لە عێراق بەردەوامی پێدەدەین، چونکە بەرژەوەندی زۆرمان لەوەدایە، کە پەیوەندی سیاسیی سەقامگیریش لەخۆدەگرێ.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق: بەشێکی وەڵامەکەی ئێستا بە بیرم هاتەوە لەبارەی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە. هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەمڕۆ دەتوانن، خاکی وڵات بەتەواوی کۆنترۆڵ بکەن، هێزی ئەمنی جۆراوجۆرمان هەیە، لەوبارەوە سەرەتا قسەمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، دوێنێش لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا و ئەمڕۆش لەگەڵ بەڕێز راوێژکاری ئەڵمانیا. عێراق ئەمڕۆ پێویستی بە پشتیوانی نییە. ئێستا کار لەسەر پاراستنی ئاسمانی عێراق دەکەین لەبارەی تێپەڕبوونی هەر فڕۆکەیەک. پشتیوان بەخوا ئەگەر پێویستمان بە هەرشتێک بێت، ئەوا ئەڵمانیا و هەر وڵاتێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێمانەوە دوور نییە، بەڵام ئێمە کۆنترۆڵی دۆخەکمان لەدەستە و دەتوانین پارێزگاری لە وڵاتەکەمان بکەین، چەک لەدەستی دەوڵەت دەبێت، بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنیا لەدەست دەوڵەتە و کار لەسەر ئەمە دەکەین. لە رووی مێژووییەوە هاوبەشی سەربازی بەرهەکەی وەک بەرهەمی هاوبەشی ئابووری و سیاسیی نەبووە. ئەم وڵاتە لە دۆخێکی دژواردا پشتیوانی ئێمەی کردووە. ئێستا ئەمانە دەتوانن بێن و بەشێک بن لە بنیاتنان و وەبەرهێنان، پێشوەختە هەڵوێستی سیاسی خۆمان یەک بخەین، بەشێوەیەک کە خزمەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات.


.jpg&w=3840&q=75)