رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی باڵای ئیسرائیلی بە ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ـی ئەمریکییان راگەیاندووە کە هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی سەربازیی نهێنی و باڵا لە ئەڵمانیا لە نێوان فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیدا بەڕێوەچووە، کە تێیدا پرسی جەنگ لەگەڵ ئێران و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون.
ماڵپەڕە ئەمریکییەکە دەڵێ، کۆبوونەوەکە لەلایەن ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رێکخرابوو و بە نهێنی هێڵدراوەتەوە.
ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی لەو شێوەیەیە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە زیاتر لە شەش مانگی رابردوودا، هەروەها دەرفەتێکی دەگمەن بوو بۆ کۆکردنەوەی فەرماندە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.
کێ لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو؟
بەگوێرەی ئەکسیۆس، جگە لە فەرماندەی سێنتکۆم، سەرۆک ئەرکانی سوپای هەریەک لە ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، بەحرێن، کوێت، قەتەر، ئوردن و میسر بەشدار بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەدمیراڵ براد کووپەر دڵنیایی داوەتە بەشداربووان کە سەرەڕای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، واشنتن بە هیچ شێوەیەک هێزەکانی لە ناوچەکە ناکشێنێتەوە؛ هاوکات فەرماندەی سێنتکۆم پلانەکانی ئەمریکای بۆ فراوانکردنی پاراستنی هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز خستووەتەڕوو.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، جەنەراڵ ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکەدا شرۆڤەیەکی وردی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە بەرەکانی جەنگدا پێشکێش بە ئامادەبووان کردووە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی بۆ ئەکسیۆس پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە کۆنفرانسێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا لە ئەڵمانیا، میوانداریی سەرکردە سەربازییە باڵاکانی هەشت وڵاتی کردووە و "دەرفەتەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنییان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوتوێ کردووە."


.jpg&w=3840&q=75)