رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا خەریکی پەسندکردنی پاکێجێکی چەکە بایی 2.8 ملیار دۆلار بۆ ئیسرائیل، کە فرۆشتنی 40,000 بۆمبی یەک تۆنی لەخۆدەگرێت و بە یەکێک لە گەورەترین پاکێجەکانی تەقەمەنی دادەنرێت کە لە چەند ساڵی رابردوودا فرۆشرابێت.
رۆژی چوارشەممە 16-09-2026 رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە، "پاکێجەکە کە بە باجی هاووڵاتییانی ئەمریکی پارەدار دەکرێت، هەندێک لە وێرانکەرترین تەقەمەنییەکانی نێو کۆگەکانی چەکی رۆژئاوای تێدایە، لەوانە 20 هەزار بۆمبی جۆری ئێم کەی84، 20 هەزار بۆمبی جۆری بی ئێل یو117، لەگەڵ 20 هەزار کڵاوەی جۆری پێنەترەیتەر.
هەروەها رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فرۆشتنەکەی پەسند کردووە.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "هەموو فرۆشتنێکی چەکی بیانی بە پرۆسەی گونجاوی خۆیدا تێدەپەڕێت،" بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر ئەو مامەڵانە بدات کە هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاژانسەکەی راگەیاند: "وەک سیاسەتێکی کارپێکراو، وەزارەتەکە پشتڕاستی ناکاتەوە و لێدوان لەسەر پێشنیازی فرۆشتنی چەک نادات تاوەکو بە فەرمی کۆنگرێسی لێ ئاگادار نەکرێتەوە."
هەواڵی ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە، سوپای ئەمریکا رووبەڕووی کەمیی تەقەمەنی بووەتەوە و بەهۆی جەنگی ئێرانەوە کۆگەکانی بە خێرایی روو لە کەمبوون دەکەن، بەتایبەتی کە ئەمریکا لە نێوان 28ـی شوبات بۆ 30ـی حوزەیران بڕی 22.3 ملیار دۆلاری لە تەقەمەنیدا خەرج کردووە.
لە شوباتی 2025ـدا، ئیدارەی ترەمپ فرۆشتنی زیاتر لە 7.4 ملیار دۆلار بۆمب، مووشەک و پێداویستیی دیکەی بە ئیسرائیل پەسند کرد، کە تەقەمەنییەکانی جۆری MK-84ـیشی لەخۆدەگرت.
پێشتر و لە وەڵامی نیگەرانییەکان سەبارەت بە کوژرانی خەڵکی سڤیل لە غەززە، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ناردنی باری بۆمبی 2,000 پاوەندی بۆ ئیسرائیل راگرتبوو، بەڵام ئیدارەی ترەمپ دوای دەستبەکاربوونی لە سەرەتای ساڵی 2025ـدا ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە و پەسندی کردن.



.jpg&w=3840&q=75)